تەندروستی جیهانی: گەرما لە ئەوروپا بووەتە بکوژێکی بێدەنگ
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات کە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی "روون و راستەقینە" و تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی شەپۆلەکانی گەرمای بەتین زیاتر لە 200 هەزار کەس لە کیشوەری ئەوروپا گیانیان لە دەستداوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئەو شەپۆلە گەرمایە بەتینەی لە ساڵی 2022ـەوە کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 200 هەزار کەس.
ئەم زانیارییانە لە میانی چالاکییەکدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بۆ راگەیاندنی رێنمایی نوێی پاراستنی هاووڵاتییان لە گەرما بڵاوکرانەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی ئایاری رابردوو پلەکانی گەرمی لە چەندین وڵاتی ئەوروپی ژمارەی پێوانەییان تۆمار کرد.
هانس کلوگە، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا، لە گوتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چیتر هەڕەشەیەکی داهاتوو نین، بەڵکو ئێستا بوونەتە "مەترسییەکی روون و راستەقینە" و گەرمای زۆریش کوشندەترین دیاردەی ئەو گۆڕانکارییەیە.
کلوگە گەرماکەی بە "بکوژی بێدەنگ" ناوبرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مردنانە "حەتمی نین" و دەکرا لەرێگەی پلاندانان و رێکاری پێشوەختە رێگری لە زۆربەیان بکرێت. راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە کە گەرمای زۆر پەستان دەخاتە سەر ئەندامەکانی جەستە و دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و جەڵتەی گەرما، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەوانەی نەخۆشی دڵ و گورچیلەیان هەیە.
بەگوێرەی گوتەکانی بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوەکە، ئەوروپا بە بەراورد بە کیشوەرەکانی دیکەی جیهان، بە خێراترین ئاست پلەکانی گەرمی تێدا بەرز دەبێتەوە. زانایان هۆکاری ئەم توندوتیژییەی کەشوهەوا بۆ چالاکییە مرۆییەکان دەگەڕێننەوە کە بوونەتە هۆی دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو و شەپۆلەکانی گەرما بە شێوەیەکی مەترسیدار.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، کلوگە داوای کرد لە چارەسەرە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو ستراتیژی گشتگیر هەنگاو بنرێت و گوتی: "هەرچەندە هەوڵی تاکەکان بۆ پاراستنی خۆیان لە خۆر گرنگە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی وا گەورە." داوای کرد وەڵامدانەوەیەکی دامەزراوەیی و هەماهەنگی بەهێز هەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە کارەساتبارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی گشتی.