سایلۆی سەیدسادق: بۆ وەرگرتنی گەنمەکانتان نۆرە بگرن

سایلۆی سەیدسادق بڵاویکردەوە، سبەی رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیران، دەرگای سایلۆکە بە رووی جوتیاراندا دەکرێتەوە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2026 دراوە.

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، ئیدارەی سایلۆی سەیدسادق، داوا لە جووتیاران دەکات لەرێگەی ئەو لینکەی کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کارا دەکرێت، نۆرەکانیان بگرن بۆ هێنانی گەنمەکانیان.

سەبارەت بە شایستە داراییەکان، ئاماژەی بەوەکراوە، تا ئێستا بڕی 8 ملیار و 500 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جووتیارانی سەیدسادق، شارەزوور و دەربەندیخان کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی سەیدسادق کردووە، لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە خەرج نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو جووتیاران 20 هەزار و 262 تۆن گەنمیان رادەستی ئەو سایلۆیە کردبوو.

بۆ ئەمساڵ، رێژەی وەرگرتنی گەنم هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت، بە جۆرێک 15 هەزار تۆن لە ناو پلان وەردەگیرێت کە نرخی هەر تۆنێکی 700 هەزار دینارە، هەروەها 5 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت کە هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار دیاریکراوە.

لیکنی گرتنی نۆرەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی سەیدسادق