قالیباف: ئەو بەڵێنانەی دراون پێویستە بێ هیچ پاساوێک جێبەجێ بکرێن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ رێککەوتنی داهاتوو هیچ رێگەیەکی دیکە نییە جگە لە پابەندبوونی تەواو بە بەڵێنەکان، دەبێت لایەنی بەرامبەر بێ هیچ پاساوێک مەرجەکان قبووڵ بکات.
هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بەڵێنەکان لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا کردەوە.
قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەو بەڵێنانەی کە دراون، پێویستە بپارێزرێن و جێبەجێ بکرێن؛ بێ بەڵام و بێ هیچ پاساوێک."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەو رێککەوتنە نزیکەی کە لەپێشە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە لە ئارادا نییە و چی بچێنیت هەر ئەوە دەدوریتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، رایگەیاندبوو: یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا لە هەموو کاتێک نزیکترە.
عێراقچی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردبوو، کە تا کاتی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی خۆیان بە دوور بگرن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردبووەوە، کە هاوتەریب لەگەڵ شێوازی کارکردنی بەرپرسیارانە و شەفافی ئەوان، سەرجەم وردەکارییەکانی ئەم یاداشتە لە کاتی گونجاودا بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆسی" گوتوبوو: هێشتا پێشبینی دەکات رێککەوتنە گشتگیرەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چەند رۆژەی داهاتوودا رۆژی دووشەممە واژۆ بکرێت.
ترەمپ پۆستەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی "زۆر بە ئەرێنی" وەسف کردبوو و ئاماژەی بەوەش کردبوو: "داوام لە ئێرانییەکان کردووە روونکردنەوەی گشتی بڵاو بکەنەوە دەربارەی ئەو راپۆرتانەی لە میدیا جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، چونکە ئەو زانیارییانە راست نین."