وادەی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی راگەیەندرا
لیژنەی باڵای یادکردنەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، خشتە و بەرنامەی فەرمی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، لێژنەکە لە سێیەمین راگەیەندراوی فەرمی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد، رێوڕەسمەکە لە نێوان 4 تا 9ـی تەممووزی 2026، لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەچن. لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە گەلی ئێران و لایەنگرانی کراوە کە بەشدارییەکی بەرفراوان لە رێوەرسمی بەخاکسپاردنەکە بکەن.
لیژنەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمێکی گەورە لەسەر هەردوو ئاستی جەماوەری و فەرمی دەستیپێکردووە، تاوەکو بە شێوەیەکی شایستە پڕۆسەی تەواو بکرێت.
لە 28ـی شوباتی 2026، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری ئەوکاتی ئێران و چەندین بەرپرسی گەورە کوژران. هاوکات جەنگەکە بۆ ماوەی 39 رۆژ بەردەوام بوو، دواتر ئاگربەستێکی هەفتەیی راگەیەندرا و دواتر بۆ کاتێکی نادیار درێژ کرایەوە.