یان برێم: سەرجەم هێزە سیاسییەکانی فەرەنسا پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن

یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان
یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە مێژوویی، ئەمنی، پەروەردەیی و کولتوورییەکانی نێوان پاریس و هەولێر کردەوە و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی نوێی لە بوارە جیاوازەکاندا راگەیاند.

شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر ستراتیجیەتی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی وەک کولتوور، پەروەردە، ئاسایش و ئابووری.

یان برێم رایگەیاند: کە فەرەنسا لە ساڵی 1982ـوە هەموو ساڵێک بە بۆنەی رۆژی جیهانیی میوزیکەوە فێستیڤاڵی تایبەت ئەنجام دەدات، هەورەها زیاتر لە 120 وڵات یادی رۆژی جیهانیی موزیک دەکەنەوە و کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر ساز دەکەن.

ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم چالاکییە جەماوەرییە نەریتێکی ساڵانەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بێبەرامبەر، کە ئەمەش کرۆکی رۆحی فێستیڤاڵەکە پێکدەهێنێت.

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا روونکردنەوەی دا کە ساڵی رابردوو بەهۆی دۆخی جەنگەوە چالاکییەکە لە یەکەم رۆژیدا هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی جێگیربوونی بارودۆخەکەوە توانرا ساز بکرێتەوە. 

هەروەها ویستی فەرەنسای خستە روو بۆ ناردنی پەیامێک کە جەخت لە بەردەوامیی ژیان دەکاتەوە دوای ئەو دۆخە سەختانەی بەسەر ناوچەکەدا هاتوون، بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە و، هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییە هونەری و کولتوورییانە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک زیاتر گەشەیان پێبدرێت.

لە رەهەندێکی دیکەی گوتەکانیدا بۆ کوردستان24، یان برێم باسی لە پەیوەندییە مێژوویی و نزیکەکانی نێوان سەرکردە سیاسییەکان و دەزگا ئەمنییەکانی هەردوولا کرد، چ لەسەر ئاستی هێزە سەربازییەکان و چ لەسەر ئاستی پۆلیس. ئاشکراشی کرد کە فەرەنسا خەریکی زیادکردنی هاوکارییەکانیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنیدا و بە تایبەتی لە دۆسیەی کۆچدا.

سەبارەت بە هاوکارییە پەروەردەییەکان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسی (دانیێڵ میتێران) لە هەولێر و سلێمانی کرد و رایگەیاند: کە پڕۆگرامی خوێندنی ئەم قوتابخانانە بەرەو ئاستێکی تەواو نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت، بە شێوەیەک کە زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، کوردی و عەرەبی تێیاندا دەخوێندرێت.

جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گەنجانەی لەم قوتابخانانە دەخوێنن و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچنە فەرەنسا، لە داهاتوودا دەبنە پردێکی زیندووی پەیوەندی لە نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کورددا. هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کەرتی بازرگانیشدا هەنگاوی باش نراون بۆ پێشخستنی پێگەی ئابووریی هاوبەش.

یان برێم باسی لە رۆڵی مێژوویی دانیێڵ میتێران کرد کە لە لایەن کوردەوە وەک "دایکی کورد" ناسراوە، و پێی وابوو کە ویست و کارەکانی ئەو، تۆوی هاوڕێیەتییەکی قووڵی لە نێوان هەردوو گەلدا چاندووە.

روونیشی کردەوە کە بابەتی پشتگیریکردنی کوردستان لە لایەن فەرەنساوە تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراوەوە، بەڵکو تەواوی مەودای سیاسیی فەرەنسا لە راستەوە بۆ چەپ هاوسۆزی دۆزی کوردن.

ئەمەش وەک رێزگرتنێک دێت لەو مێژووە هاوبەشەی کە تێیدا هەردوولا شانبەشانی یەکتر شەڕی داعشیان کردووە و خوێنی سەربازانی فەرەنسی و پێشمەرگە لە پێناو ئاسایشدا تێکەڵ بووە، کە ئەمەش گرنگیی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا لە ناوچەکەدا دەسەلمێنێت.