نەخۆشخانە تایبەتەکان پابەند دەکرێن بە وەرگرتنی بێ مەرجی حاڵەتەکانی فریاکەوتن
وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانی کردووە، جەخت لە پابەندبوونی تەواوی ئەو نەخۆشخانانە دەکاتەوە بە وەرگرتنی دەستبەجێی نەخۆشانی فریاکەوتن و باری ناجێگیر، هاوکات هۆشداری دەدات کە هەر سەرپێچییەک لەم بڕیارە رووبەڕووی رێکاری یاسایی توندیان دەکاتەوە.
یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاروباری تەندروستی و دڵنیابوونەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بە هاووڵاتییان، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە. لەم نووسراوەدا، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارێکی تایبەت بە وەرگرتنی نەخۆش، بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی فریاکەوتن کراوەتەوە.
بە پێی بڕیارە نوێیەکە، لە کاتی رەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بە تایبەت ئەو نەخۆشانەی لە باری ناجێگیریدان یان پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەیە، ئەرکی سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتە کە دەستبەجێ نەخۆشەکە وەربگرن و رێکارە پێویستەکانی چارەسەرکردنی بۆ ئەنجام بدەن.
وەزارەتی تەندروستی لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە نەخۆش رەتبکرێتەوە یان وەرنەگیرێت. ئەم رێگرییە نابێت بە هیچ کام لەم بیانووانە بێت: نەبوونی شوێنی بەتاڵ، نەبوونی چاودێری چڕ، نەبوونی توانای دارایی و خەرجی پێویست لە لایەن نەخۆشەوە، یان تەنانەت بەهۆی ئەوەی نەخۆشەکە لە دۆخی بێئومێدی لە چارەسەردا بێت.
