بن گفیر: ئیسرائیل کۆماری مۆز نییە
بن گفیر: پابەندی رێککەوتنەکەی ترەمپ نابین
ئیتمار بن گفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند؛ رێککەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پابەندکەر نییە بۆ وڵاتەکەیان. جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە و پاشکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە.
ئیتمار بن گفیر دەڵێت؛ ئەرکی سەرەکی ئێمە بەراببەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل، سەربازانی سوپا و گەلی جووە. ئێمە پابەندین بە دابینکردنی ئاسایش بۆ جووەکان لە خاکی ئیسرائیلدا وەک وەفایەک بۆ مێژووی قوربانیانی چەندین ساڵەی جوو.
رەتی دەکاتەوە هەر کاتێک لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا پاشەکشەیان کردبێت، دەشڵێت؛ باجەکەمان بە خوێن داوە، وەک لە رێککەوتنی ئۆسلۆ، رێککەوتنی 2006ـی لوبنان و سیاسەتی دانبەخۆداگرتن لە غەززە بینیمان.
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل راشیگەیاند؛ ئیسرائیل کۆماری مۆز نییە، وێڕای خۆشەویستی و سوپاسگوزاریمان بۆ سەرۆک ترەمپ، بەڵام ئیسرائیل دەوڵەتێکی بێهێز و پاشکۆ نییە. ئەم هەڵوێستەمان بە راشکاوی بە سەرۆک وەزیرانیش گەیاندووە، دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی حزبوڵڵای لوبنان، پاشەکشنەکردن لەو خاکانەی کە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی کردوون و لە ژێرخانی تیرۆر پاکی کردوونەتەوە، رێگریکردن لە گەڕانەوەی چەکداران بۆ سەر سنوورەکانی باکوور هەروەها هەر هێرشێکی درۆن یان مووشەک لە لوبنانەوە، وەڵامەکەی بۆردومانکردنی ناوچەی زاحییە دەبێت لە بەیرووت.
لە کۆتایی پەیامەکەی دا ئیتمار بن گفیر ئاماژەی بەوە دەکات، گەلی ئیسرائیل خاوەن مێژووی 3 هەزار ساڵەیە و چیتر لە ئاستی دوژمنان سەری خۆی دانانەوێنێت. ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە جووەکان لێدانیان دەخوارد و بێدەنگ دەبوون، "ئیتر هەرگیز بێدەنگ نابین."