سوپای ئیسرائیل ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی راگەیاند
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکی دوو سەربازیان لە باشووری لوبنان برینداربووە، بەمەش ژمارەی سەربازە بریندارەکانی ناو ریزەکانی سوپا بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە هەزار و 300 بریندار.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو دوو سەربازە دوێنێ یەکشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانیان لە باشووری لوبنان بریندار بوون، هەر بەپێی ئامارەکانی سوپا، لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە تا ئێستا 31 سەربازی ئیسرائیلی کە ئەفسەریشیان تێدایە کوژراون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەرەتای جەنگەوە تا ئێستا هەزار و 302 سەربازی ئیسرائیلی بریندرابوون کە برینی هەندێکیان سەختە و برینی هەندێکیان سووکە.
لە لایەکی دیکەوە، لە دوای فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ـی ئاداری رابردووەوە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تا ئێستا 3756 کەس کوژراون و 11632 کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.