سبەی قەدەخەی راوە ماسی کۆتاییدێت

وەرزی راوکردن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لە راوکردن بە کارەبا و ماددە ژەهراوییەکان و ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون و وورد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای بڕیاری وەزارەت سەبارەت بە پاراستنی سامانی ماسی و وەرزی قەدەغەی راوکردن و بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی وەرزی قەدەخەی راوەماسی ، ئەمڕۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ، بڕیاردرا بە هەڵگرتنی بڕیاری قەدەخەی راوکردن، هاوکات راوکردن سبەی ئاسایی دەبێتەوە. 

وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە، راوکردن بە کارەبا و ماددە ژەهراوییەکان و ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون و وورد ، کە ببێتە مایەیی لە ناوبردنی به کۆمەڵی زیندەوەرەکانی ئاوی لە هەموو کاتێکدا قەدەخەیە و رێگەپێدراو نابێت.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و گرتنەبەری رێکاریی یاسایی و کارگێری سەرجەم فەرمانگەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەم بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە.

وەرزی راوکردن لە هەرێمی کوردستان

ساڵانە لە مانگی ئادار تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیران قەدەخەی راوکردنی ماسی رادەگەیەنرێت، بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی و رێگەدان بە وەرزی زاوزێ و زیادبوونی ژمارەی ماسییەکان.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 65 هەزار تۆن ماسی هەیە، لە ئێستادا نزیکەی 40 هەزار تۆن لەو بڕە لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر رووبەری 15 هەزار دۆنم زەوی بەرهەم دەهێنرێت، بڕی پێویستیش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان لە رێگەی بازرگانان و هاوردەکردنەوە دابین دەکرێت.