25 شوێنی گەشتیاریی هەڵەبجە سزادران

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی سەلامەتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان پێکهێناوە و لە رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەدا 25 شوێنی گەشتیاریان لە هاوینەهەوارەکانی ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم سزادا و بەشێکی دیکەشیان شریتی سووریان لێدراوە و داخراون تا مەرجەکان جێبەجێ دەکەن. 

لەوبارەیەوە چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ماوەیەک بوو تێبینیان کردبوو، چەند ناوچەیەکی گەشتیاری مەرجەکانی سەلامەتی و پابەندنەبوون بە پاکوخاوێنیان پشتگوێ خستووە، بۆیە بڕیاریانداوە لیژنەیەک پێکبهێنن و هەڵمەتێکی فراوان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دەستپێبکەن. 

گوتیشی، لەپێناو رێگری لە حاڵەتەکانی خنکان و پاراستنی گیانی گەشتیاران، دەبێت خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان مەرجەکانی سەلامەتی رەچاو بکەن و رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکەن، بەڵام لەلایەن چەند ناوچەیەکی گەشتیارییەوە ئەو مەرج و رێنمایانەوە پێشێلکراون و کامێراکانی چاودێرییان کار ناکات، بۆیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 شوێنیان سزا داوە و هەروەها شریتی سووریان لە چەند ناوچەیەکی گەشتیاری داوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکان لە 75 هەزار دینارەوە دەستپێدەکەن و بە گوێرەی خاڵ دانراوە، بەشێوەیەک هەر خاڵێک بڕی 75 هەزار دینار سزای پێبژاردنییەتی تا دەگاتە دادگایی کردنە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و داخستن، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە جەختیشیکردەوە، ئامانجییان رێگرییە لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنبوونی گەشتیار و خنکان.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاری هەیە و پار زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانی ئەو سنوورەی کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەکە زیاتر بێت.