ترەمپ رەخنە لە شێوازی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەگرێت
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ: پێویست ناکات بۆ کوشتنی یەک کەس تەواوی باڵەخانەیەک بڕوخێنی
سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەیەکی توندی ئاراستەی ئەو شێوازە سەربازییانە کرد، ئیسرائیل لە لوبنان دژی چەکدارانی حزبوڵڵا پەیڕەوی دەکات و رایگەیاند: "پێویست ناکات بۆ بەئامانجگرتنی چەکدارەکان، تەواوی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان بۆردومان بکرێن."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا قسەی دەکرد، ئاماژەی بەوە دا ئیسرائیل ماوەیەکی زۆر لەوەی پێویستە خەریکی شەڕە لەگەڵ حزبوڵڵا.
ترەمپ، نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەربڕی و گوتی: "خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن. ناچار نین هەرجارێک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون وێران بکەن، چونکە خەڵکێکی زۆر لەو باڵەخانانەدا هەن کە هەموویان حزبوڵڵا نین."
گرژییەکانی نێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رووی لە زیادبوون کردووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردوگەرمییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ترەمپ پێی وایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، هەوڵەکانی ئەو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل بە نهێنی نیگەرانی خۆیان لە رێککەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ تاران دەربڕیوە، ترەمپ داوای لە ناتانیاهۆ کرد، سەبارەت بە لوبنان بەرپرسیارانەتر رەفتار بکات. ترەمپ گوتیشی: "بەبێ ئێمە و بەبێ من، ئیسرائیل بوونی نەدەبوو؛ چونکە هیچ سەرۆکێکی دیکە ئامادە نەبوو ئەو کارانە بکات کە من بۆ ئیسرائیلم کردووە."
دوای ئەم لێدوانانە، هەژمارە فەرمییەکانی کۆشکی سپی گرتە ڤیدیۆیی قسەکانی ترەمپیان بڵاوکردەوە، بەڵام هاوکات جەختیان کردەوە، ترەمپ "گەورەترین دۆستی ئیسرائیلە و سوپای ئیسرائیلیش بە هاوبەشێکی ناوازە" وەسف کرد. بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند؛ کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جیهانیان لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی پاراستووە و ئاسایشی زیاتریان دابین کردووە.
هەرچەندە ئاماژەیەک نییە، ئەم لێدوانانەی ترەمپ ببێتە هۆی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتی سەربازیی ئیسرائیلدا، بەڵام ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی 73 هەزار کەس.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هەمیشە جەخت دەکاتەوە تەنیا چەکدارەکان دەکاتە ئامانج و حەماس و حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بەوەی مەدەنییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن.