حکوومەتی هەرێم داوای وەرگرتنی دادپەروەرانەی گەنمی جووتیاران لە بەغدا دەکات
بڕیار لەسەر خێراکردنی رێکارەکانی مووچەی خانەنشینانی نوێ درا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیار و راسپاردەیەکی تایبەت بە خێراکردنی کارگێڕیی مووچەی خانەنشینانی نوێ، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ خانەنشینیی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، و بەدواداچوونی چڕ لەگەڵ بەغدا بۆ وەرگرتنی دادپەروەرانەی گەنمی جووتیاران و چەسپاندنی شایستەکانی هەرێم لە بودجەی حاکیمە دەرکران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد.
خانەنشینانی نوێ؛ ڕێکاری خێرا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خانەنشینکراو دەگیرێتەبەر
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و راسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە رۆژی شایستەبوونیانەوە.
گەنمی جووتیاران؛ هەولێر و بەغدا کار لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەرانە بۆ وەرگرتنی گەنم دەکەن
ئاماژەشی داوە، ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم بارەیەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و سەرنجی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە رێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ
دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت: دوای گفتوگۆی فراوان و راگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، راسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگاکان؛ لیژنەیەکی چوارقۆڵی بۆ پاراستنی مافی خانەنشینیی ئەندامان پێکدەهێنرێت
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیران باس لەوەش کراوە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی رێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسوولەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.
بودجەی حاکیمە؛ حکوومەتی هەرێم داوای جێگیرکردنی شایستەکانی خۆراک، دەرمان و وزە دەکات
ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چاکسازی و رێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵ بە شێوەیەکی روون جێگیر بکرێن، هەروەها رێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.




