وردەکاریی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ئێران
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و میدیا فەرمییەکانی ئێران وردەکاریی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی مێژوویی نێوان تاران و واشنتنیان ئاشکرا کرد، کە بڕیارە رۆژی هەینی لە سویسرا بەڕێوە بچێت.
چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ناسنامەی ئەو شاندانەیان ئاشکرا کرد کە سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
بە پێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، شاندی ئێرانی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە سەرکردایەتی دەکرێت، لە کاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، نوێنەرایەتی لایەنی ئەمریکی دەکات. بڕیاریشە عێراقچی راستەوخۆ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەشداری لە خولی یەکەمی دانوستانە تەکنیکییە فراوانەکاندا بکات کە لە جنێڤ دەستپێدەکات.
میدیاکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، سەبارەت بە بەشداریکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەرچەندە پێشتر دەنگۆی بەشداریکردنی هەبوو، بەڵام بەهۆی راسپاردە ئەمنییەکانەوە کە هۆشداری دەدەن لە ئامادەبوونی هاوکاتی سەرۆک و جێگرەکەی لە دەرەوەی وڵات، بابەتەکە هێشتا بە یەکلا نەکراوەیی ماوەتەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند: کە رێوڕەسمەکە لە مۆزەخانەی هاوینەهەواری "بێرگنشتاک" لە ناوەڕاستی سویسرا بەڕێوە دەچێت.
گرنگترین خاڵەکانی رەشنووسەکە ئەمانەن:
-راگەیاندنی دەستبەجێ و هەمیشەیی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەسەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، هەروەها بەڵێندان بە ئەنجامنەدانی هیچ کارێکی دوژمنکارانەی نوێ.
-هەردوولا بەڵێن دەدەن لە ماوەی 60 رۆژدا (کە قابیلی درێژکردنەوەیە) دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
-وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی دەستبەجێ بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەردەکات تا کاتی کەمکردنەوەی سزاکان بە پێی پابەندبوونی تاران.
-ئەمریکا بەڵێن دەدات سزای نوێ نەسەپێنێت و هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە، بەڵام ئەمە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی دەبێت.
-ئێران پابەند دەبێت بە پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین و بەربەستەکان لە ماوەی 30 رۆژدا، هەروەها بەڵێن دەدات کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت. چارەنووسی ماددە پیتێنراوەکانیش لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلا دەکرێتەوە.
-بە پێی سەرچاوە متمانەپێکراوەکان، رێککەوتنی کۆتایی لە رێگەی بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییەوە پەسەند دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی بی ئێس" رایگەیاند: کە دەقی یاداشتی لێکگەیشتنی واژۆکراو لەگەڵ ئێران، رۆژی هەینی داهاتوو بڵا ودەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات زووتر دەقەکە بڵاو بکاتەوە تا هاووڵاتییان لە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە ئاگادار ببنەوە.
دەشڵێت: ئەم یاداشتە چوارچێوەیەک دەڕەخسێنێت کە رێگە بە ئێران دەدات دەستکەوتی ئابووری هەبێت و بگەڕێتەوە ناو ئابووری جیهانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی.
لای خۆیەوە حکوومەتی سویسرا لە راگەیانراوێکدا ئاشکرای کرد، رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی چاوەڕوانکراو بە بەشداریی نوێنەرانی ئاستبەرزی ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستان بەڕێوە دەچێت.
لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی سویسرا هاتووە، کە زیاتر لە دوو هەزار سەرباز ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی شوێنی واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەگرنە ئەستۆ، ئەمەش لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئەمنییە توندەکاندایە کە بە مەبەستی پاراستنی شاندەکان گیراونەتەبەر.
هەروەها دەسەڵاتدارانی سویسرا بڕیاریانداوە ناوچەیەکی دژەفڕین بەسەر ئاسمانی شوێنی بەڕێوەچوونی یاداشتەکەدا بسەپێنن لە ماوەی ئەنجامدانی رێوڕەسمەکەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کردبوو، دوای دانوستانێکی چڕ و ورد، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. بڕیار وایە مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە بچێت.
شەهباز شەریف ئاماژەشی بەوە دابوو، بڕیار وایە لەم هەفتەیەوە نێوەندگیرەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئامادەکاری ئەنجام بدەن. ئەم گفتوگۆیانەی پێش جێبەجێکردن، بناخەیەک دەبن بۆ گفتوگۆ تەکنیکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا، کە کۆتایی بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات دەهێنێت.