سبه‌ی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر له‌ پێنج هه‌زار پارچه‌ زه‌وی دابه‌ش ده‌كرێت

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، لەژێر چاودێری پارێزگاری دهۆک، پڕۆسەی دابەشکردنی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ بکات.

چوارشەممە 17ـئ حوزەیرانی 2026، بەپێی راگەیەندراوی فەرمی پارێزگای دهۆک، رێوڕەسمی دابەشکردنی زەوییەکان لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دهۆک بەڕێوە دەچێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆسەیەدا، زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسانی شایستە لە سنووری شارەوانییەکانی ئاکرێ و گردەسێن دابەش دەکرێن.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران و ئەو چین و توێژانەی کە تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون لە ناوچەکەدا.