پۆند و بەنداوەکان مەترسییەکانی سەر ئاوی ژێر زەویان کەمکردووەتەوە
کاروان سەباح هەورامی: چیتر رێگە بە هەدەردانی ئاوی ژێر زەوی نادرێت
پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان، بووتە فاکتەری کاریگەر لە سەر پاراستی ئاسایشی ئاو هەیە و ئاستی ئاوی ژێر زەوییش بەڕادەیەک زیادی کردووە، کە لە هەندێک ناوچە تا 100 مەتر بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، گوتی: دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لە سەرانسەری کوردستان تەنیا بۆ دابینکردنی ئاوی ئێستا نییە، بەڵکو زامنکردنی ژیانە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژانە بوونەتە مایەی بوژانەوەی یەکجارەکی گوندەکان، لەنێویاندا پۆندی قوبە لە شارۆچکەی هەریر، کە پێشتر دانیشتووانەکەی بەهۆی بێئاوییەوە بڕیاری کۆچکردنیان دابوو، بەڵام ئێستا نەک هەر ئاویان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵکو ناوچەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و راوی ماسیدا تێدا دەکرێت.
گوتیشی: ئاستی ئاوی بیرەکانیش هێندە بەرزبووەتەوە، کە بەبێ ماتۆڕ ئاو بۆ سەر زەوی هەڵدەکشێت.
کاروان سەباح دەڵێت: لە 20 ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هەڵکەندنی بیری ئاو بەبێ سەروبەری، زیانی گەورە بە ئاوی ژێر زەوی گەیشتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی هەشت پڕۆژەی پڕاوکردنەوەی زانستی و بەکارهێنانی ئاوی سەرزەوی لە پڕۆژەکانی وەک ئیفراز و قوشتەپە، ئاهێک بە بەر سامانی ئاوی ژێر زەویدا هاتوەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان بەرزبوونەوەی بەرچاو لە نێوان 2 بۆ 23 مەتر و لە هەندێک شوێنی تایبەتیش تا 100 مەتر تۆمار کراوە.
سەبارەت بە دیاردەی لێدانی بیری نایاسایی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو، ئەو کارە بە دزی لە موڵکی گشتی ناو دەبات و گوتی: تەنیا لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا نزیکەی 800 ئامێری بیرلێدانی نایاسایی لە دەوروبەری هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە.
گوتیشی: حکوومەت بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، پڕۆژەی "پۆندی هەروەزی" وەک جێگرەوەیەک پێشکەشی جووتیاران کردووە، تێیدا بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ ئەوەی جووتیاران بە تێچوویەکی کەمتر لە هەڵکەندی بیری ئاو و بە هاوکاریی دارایی حکوومەت، پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران دروست بکەن.
هەروا ئاماژەیدا، وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەرقاڵی داڕشتنی رێنمایی نوێیە بۆ رێکخستنەوەی مۆڵەتی بیرە کەمقووڵ و قووڵەکان تاوەکو بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ئەم سێکتەرە بکرێت و چیتر رێگە بە هەدەردانی ئاوی ژێر زەوی نەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، بەنداوەکان توانیویانە رێژەی گلدانەوەی ئاو لە هەرێم بە رێژەیەکی باش زیاد بکەن و رۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی ناوچەکان لە مەترسی لافاو بگێڕن. هەرچەندە ئێستا 12 بەنداو لە قۆناخی جێبەجێکردندان، بەڵام بەهۆی تەنگژە دارایی و سیاسییەکانەوە تەنیا لە شەش بەنداویان کارەکان بەردەوامن.
رەحمان خانی جەخت دەکاتەوە، پلانێکی فراوان بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆندی نوێ هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی ئەم پلانانە پێویستی بە تەرخانکردنی دارایی بەردەوام و چاودێرییەکی وردی تەکنیکی هەیە بۆ ئەوەی ئەم بەنداوانە هەمیشە وەک سەرچاوەی ئاسایش بمێننەوە.
لەبارەی کارەکانی بەنداوی دوین، عەبدوڵڵا گەردی وەک سەرپەرشتیاریی جێبەجێکار ئاشکرای دەکات، پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناخی 15% و ئێستا کار لەسەر بناخە و دروستکردنی بەنداوی کاتی دەکرێت.
دەشڵێت: هەرچەندە لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا زیاتر لە 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە ناوچەی پڕۆژەکە تێپەڕیوە و بەهۆی تەواونەبوونی لاشەی بەنداوەکە نەتوانراوە گل بدرێتەوە، بەڵام دیزاینەکان بە جۆرێک داڕێژراونەتەوە کە لە داهاتوودا بەرزترین توانای گلدانەوەی هەبێت.
راشیگەیاند؛ ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە پێکەوە پیشاندەری سیاسەتێکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، تێیدا کۆکردنەوەی هەر دڵۆپە بارانێک وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی داهاتووی وڵات تەماشا دەکرێت.