زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی لە کەرکووک مەترسی نەمانیان لەسەرە

سیمای کەلەپووری و مێژوویی شاری کەرکووک بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە رووبەڕووی مەترسی سڕینەوە بووەتەوە، هاوکات زیاتر لە 100 کاسبکار و دوکاندار لە گەڕەکی شۆرجه‌ بەبێ دابینکردنی هیچ جێگرەوەیەک، مەترسی دەرکردن و بێکاربوونیان لەسەرە.

ئەو زەوییانەی کاسبکارانی شۆرجه‌ی لەسەرە، دەکرێنە پڕۆژەی وەبەرهێنان. کاسبکارانی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی بژێوی ژیانیان لەدەست دەدەن. 

لەم بارەیەوە وەستا محەممەد جەلیل، دووکاندار ئاماژەی بەوە کرد، مۆڵەتی ئەم پڕۆژانە لە بەغداوە هێنراون و وەبەرهێنەرەکە خەڵکی دەرەوەی کەرکووکە، ئەمەش بێبەشکردنی کاسبکارانی رەسەنی شارەکەیە لە دەرفەتی کار.

هەروەها سەرکەوت خالید، دووکاندار روونیشی کردەوە، بەبێ دابینکردنی شوێنی جێگرەوە بڕیاری دەرکردنیان بۆ هاتووە، ئەمەش زیانی گەورە بە خێزانی کاسبکارانی ناوچەکە دەگەیەنێت و بژێوی رۆژانەیان دەخاتە مەترسییەوە.

مەترسی تێکدانی ناسنامەی کەرکووک تەنیا لە گەڕەکی شۆرجه‌دا نییە، بەڵکوو تەواوی ناوەندی شار و دەوروبەری قەڵای کۆنی کەرکووک دەگرێتەوە. ئەو شوێنانەی پێویست بوو وەک میراتی کولتووری بپارێزرێن، ئێستا دەکرێنە مۆڵ و تەلاری نیشتەجێبوون. 

ستار جەباری، شوێنەوارناس ئاماژەی بەوە دا، کەرکووک زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی هەیە، بەڵام بەم شێوازە بڕوات، یەک شوێنەواری مێژوویی بۆ شارەکە نامێنێتەوە. ئەو شوێنەوارناسە ئەوەشی خستە روو، مێژووی ئەم شارە بە دەستی هەندێک کەس تێکدەدرێت و دەشێوێنرێت.