ترەمپ: ناتانیاهۆ هەندێکجار زۆر هەڵدەچێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێرانەوە خاوەنی ئامانجی جیاوازە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵکەوتەی جوگرافیای ئیسرائیل و نزیکی لە ئێران، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو جیاوازییەی لە دید و تێڕوانینی هەردوولادا هەیە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ گوتی: "ناتانیاهۆ کەسێکی نایابە، بەڵام هەندێک جار لەوە زیاتر هەڵدەچیت کە پێویست نییە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناکۆکییانەی لە بەڕێوەبردنی جەنگ و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ دەرکەوتوون.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە واژۆکردنی فەرمی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئێران، کە لە میانی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا، لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی ڤێرسای سازکرابوو.

سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هاوبەشییەکی نایاب لە نێوانیاندا، بەڵام ترەمپ رەخنەی لە هەندێک هەڵوێستی نەتانیاهۆ گرت و گوتی: "پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، بەڵام ناکۆکییەکەمان لەسەر پرسی لوبنان تەنیا جیاوازییەکی بچووکە."

پێشتر، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ترەمپ پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ناتانیاهۆ کردبوو دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت. ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەو هێرشە تەنیا ماوەیەکی کورت پێش واژۆکردنی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی رایگەیاند؛ لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ناڕازی بووە و گوتی: "بۆچی ناتانیاهۆ ئەو هێرشەی ئەنجامدا؟" ئاماژەی بەوەش کرد،  تەقەکانی حزبوڵڵا هیچ بریندارێکی لێنەکەوتبووەوە، بۆیە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەو کاتەدا و لە ناو جەرگەی بەیرووت بووەتە هۆی تووڕەیی ئەو، بەو پێیەی کاریگەری کردووەتە سەر کاتی راگەیاندنی رێککەوتنە گرنگەکە.