زێلێنسکی: دەمانەوێت پێش وەرزی زستان کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ رووسیا بهێنین

فۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی زستان لەرێگەی دیپلۆماسی و گوشارەکانەوە کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ رووسیا بهێنێت، هاوکات یەکێتی ئەوروپاش سزاکانی سەر مۆسکۆی بۆ ماوەی 12 مانگ درێژکردەوە.

فۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی چاوی لەوەیە پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما، کۆتایی بە هێرشەکانی رووسیا بهێنێت. زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، ئۆکرانیا پێویستی بە هاوکاریی زستانە دەبێت کە گاز، دیزل و کەلوپەلی وزە لەخۆ بگرێت، جگە لە دابینکردنی لانیکەم 300 مووشەک کە داواکارییەکەی گەیاندووەتە ئەنجوومەنی ئەوروپا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە لووتکەی برۆکسل رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی سزاکانی سەر رووسیا بۆ ماوەی 12 مانگی دیکە. ئەمە یەکەمجارە سزاکانی سەر سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری رووسیا بۆ ساڵێکی تەواو درێژ بکرێنەوە، لە کاتێکدا پێشتر شەش مانگ جارێک نوێ دەکرانەوە.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە لەکاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رووسیا چەندین مووشەکی ئاراستەی کیێڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیا کردووە. تێمور تکاتشینکۆ، پارێزگاری سەربازی کیێڤ رایگەیاند، دوژمن بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر پایتەخت و دەنگی چەندین تەقینەوە لە ناوەندی شارەکە بیستراوە.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 4 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا، هەردوولا هێرشە ئاسمانییەکانیان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی قوربانییانی مەدەنی.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی لووتکەی گرووپی حەوت (G7)لە فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە رووسیا بگاتە رێککەوتن. ترەمپ هۆشداریشی دا کە رەنگە واشنتن ئەو سزایانە بسەپێنێتەوە کە پێشتر لەسەر مۆسکۆ هەڵیگرتبوون.