خورماتوو.. منداڵێکی 13 ساڵان لە پڕۆژەی ئاوی شارەکەدا خنکا
بەیانی ئەمڕۆ منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی خورماتوو خنکا، ئەوەش دوای ئەوەی بە مەبەستی مەلەکردن چووبووە سەر پڕۆژەکە.
رۆژی هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، یاسر ئەیاد، مامی منداڵە خنکاوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، برازاکەی ناوی (یوسف وەلید)ە و تەمەنی 13 ساڵە، کاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکەی لە پڕۆژەی ئاوی خورماتوو خنکاوە.
ئاماژەی بەوەش دا، یوسف لە نەتەوەی عەرەبە و پیشەی شوان بووە. دوای رووداوەکە، تەرمەکەی لەلایەن هاووڵاتییەکی کوردی نیشتەجێی خورماتوو لە ئاوەکە دەرهێنراوەتەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە کراوە.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی خورماتوو یەکێکە لەو شوێنانەی ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەهۆی مەلەکردنەوە، چەندین رووداوی خنکانی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و رووکردنی هاووڵاتییان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و سەر رووبارەکان، بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک رێنمایی توندی بڵاوکردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە، ساڵانە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، چەندین رووداوی خنکان لەو شوێنانە تۆمار دەکرێن کە بۆ مەلەکردن گونجاو نین.
بەرگریی شارستانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە نابێت لەو شوێنانەی تابلۆی "مەلەکردن قەدەخەیە"یان لێدراوە بچنە نێو ئاوەکەوە، چونکە زۆرجار بنکەی رووبارەکان و دەریاچەکان تەڵەی سروشتییان وەک قوڕوچڵ یان گێژاوی کوشندەی تێدایە کە مەلەوانە کارامەکانیش ناتوانن لێی رزگار بن.
هەر لە رێنماییەکاندا هاتووە، بەکارهێنانی هۆکارەکانی سەلامەتی وەک "هێلەکی رزگاربوون" و چاودێریکردنی وردی منداڵان، زامنی مانەوەی ژیانن. داواش لە هاووڵاتییان دەکرێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی گەشت و کاتە خۆشەکانیان نەگۆڕێن بۆ کارەسات و تازیەباری.