سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بەرز دەکاتەوە
ماڵپەڕی والای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی لە تەواوی یەکە و پێکهاتە سەربازییەکانیدا بەرز کردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی والا، ناوەندە بەرگرییەکانی ئیسرائیل لە دۆخێکی شۆک و بێئومێدیدان دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران. ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە دەکرد، ئەگەری هەرەسهێنانی دانوستانەکان زیاترە و لایەنەکان ناگەنە هیچ رێککەوتنێکی فەرمی.
ماڵپەڕە عیبرییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا تەواوی سەرنجیان خستووەتە سەر خۆسازاندن بۆ قۆناخێکی نوێ. ئەم گۆڕانکارییانەش دوای ئەوە دێت، ئەمریکا بە روونی ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە، لێبوردە نابێت بەرامبەر بە هەر هێرشێک یان پێشێلکردنی ئاگربەستێک، پەیوەست بێت بە لێکگەیشتنەکانی واشنتن لەگەڵ تاران.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە ئاستی ئامادەباشی لە هەموو پلەکاندا بەرز بکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری تێکچوونی دانوستانەکان یان هەرەسهێنانیان، کە رەنگە بژاردەی سەربازیی نوێ بسەپێنێت.
دامەزراوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل بە نیگەرانییەوە چاودێری چەند دۆسێیەک دەکەن، گرنگترینیان چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانە، چونکە مەترسییان هەیە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی ببێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و بازنەی رێگری (Deterrence) لە ناوچەکەدا.
ماڵپەڕی والا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە گواستوویەتییەوە: "هێرشە فراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەسەر بنەمای ئەو هەڕەشانە بووە کە لە لایەن بەرنامەی مووشەکی بالیستییەوە دروست بووە، نەک تەنیا بەهۆی پڕۆژەی ئەتۆمییەوە." سەرچاوەکە هۆشداری داوە، نەبوونی سنوورێکی روون بۆ ئەم دۆسێیە، رەنگە ئیسرائیل ناچار بکات دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بژاردە سیاسی و ئەمنییەکانی بکاتەوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەندێک لە ناوەندە بەرگرییەکان پێیان وایە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دوای پاککردنەوەی لە مین، یەکێک لە کارتە فشارە گرنگەکانی ئێران کەمدەکاتەوە ئەگەر لە داهاتوودا دانوستانەکان تووشی چەقبەستوویی ببن. ئێستاش دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە خۆسازاندن بۆ هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە رەنگە لە ئەنجامی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران بێنە ئاراوە.