ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی گفتوگۆ لەگەڵ رکابەرەکانی ناتانیاهۆ دەکات
کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، وەک ئامادەکارییەک بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتووی ئیسرائیل، دەستیان کردووە بە دروستکردنی پەیوەندیی نا فەرمی لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، بە تایبەت ئەو کەسایەتییانەی کە چانسی بوون بە سەرۆکوەزیرانیان هەیە.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ خەریکی ناردنی پەیام و دروستکردنی کەناڵی گفتوگۆن لەگەڵ هەریەکە لە نەفتالی بێنت، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، و گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل، کە ئێستا وەک رکابەرە سەرەکییەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەبینرێن.
بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک لەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ ترەمپ هەیە، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی هەڵسەنگاندنی زەمینەن بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەک کە قۆناخی دوای ناتانیاهۆ لەخۆ بگرێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بە سێ هۆکاری سەرەکی دەکات کە وای کردووە ئیدارەی ترەمپ ئەم هەنگاوە بنێت، ئەوانیش، نیگەرانییەکی زۆر لە واشنتن هەیە بەرامبەر بە ئەندامە راستڕەوە توندڕەوەکانی ناو کابینەکەی ناتانیاهۆ، بێئومێدبوون لە توانای حکوومەتی ئێستا بۆ پێشخستنی کارنامە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەت کە پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل بەهۆی شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕی غەززەوە لەکەدار بووە؛ هاوکات ئیدارەی ترەمپ پێشبینی دەکات ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تووشی شکست ببێت.
ئەم جووڵە نوێیەی واشنتن ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ چیتر تەنیا پشت بە ناتانیاهۆ نابەستێت بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا و دەیەوێت جێگرەوەیەکی "میانڕەوتر" بۆ پڕۆسەی ئاشتی و هەماهەنگییە هەرێمییەکان بدۆزێتەوە.
بڕیارە لە تشرینی یەکەمی 2026 هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، کە بە یەکێک لە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، کە ئێستا رووبەڕووی نزمترین ئاستی جەماوەری بووەتەوە، لە لایەکەوە لەژێر فشاری توندی خێزانی بارمتەکان و ئاوارەکانی باکوورە، و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە کێشەدایە بەهۆی رێککەوتنی ئێران.
لە بەرامبەردا، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتی نەفتالی بێنتوگادی ئایزنکۆت، بەپێی دواین راپرسییەکان پێش ناتانیاهۆ کەوتوون. ئەم هەڵبژاردنە تەنیا گۆڕینی کەسەکان نییە، بەڵکو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەنووسی جەنگی لوبنان و سەرکەوتن یان شکستی پڕۆژە ئاشتییەکەی ترەمپ لە ناوچەکەدا.