ڤانس و قالیباف لە سویسرا کۆدەبنەوە

سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تاران و هەڵوەشانەوەی کردەیی ئاگربەست لە باشووری لوبنان، بڕیارە رۆژی یەکشەممە گەڕێکی نوێ و چارەنووسسازی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەڕێوە بچێت، کە تێیدا جەی دی ڤانس بەشدار دەبێت.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی کۆشکی سپی، گەیشتوونەتە سویسرا. هاوکات محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ، بەرەو هەمان شوێن بەڕێکەوتوون.

ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش کە پێشتر گەشتەکەی دواخستبوو، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بگاتە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لە رۆژی یەکشەممەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شاندی وڵاتەکەی چەندین بەرپرسی باڵای تێدایە کە گرنگترینیان بریتین لە: محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکار، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی باقری جێگری ئەمیندار ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی، و حەمید بۆرد بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەک بەدواداچوون بۆ لێکتێگەیشتننامەی "ئیسلام ئاباد"، سبەی یەکشەممە، دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک لە سویسرا بەڕێوە دەچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، شانبەشانی نێوەندگیرەکانی هەریەکە لە پاکستان و قەتەر، بەشداری لە گفتوگۆ چڕەکانی سویسرا دەکەن.

باسی لەوەش کردووە، مەبەست لەم کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکییەکان و پێشخستنی ئەو خاڵانەیە کە لە "لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد"دا لەسەری رێککەوتبوون.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستەکەی رۆژی هەینی تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاند. بەیانی ئەمڕۆ شەممە، حزبوڵڵا نزیکەی 50 مووشەکی ئاراستەی سەربازانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل خەریکی پێشڕەوین. لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل بە دەیان هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 16 کەس. ئیسرائیل دەڵێت پابەندی ئاگربەستە بەڵام "هەر هەڕەشەیەک بێتە پێش تێکی دەشکێنن."

دوای ئەوەی سوپای ئێران گەرووی هورمزی داخست، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە شاندەکەیان بۆ ئەوە دەچنە سویسرا تا داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی ئەمریکی بکەن. بەقایی هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا ئیسرائیل ناچار نەکات هێرشەکانی رابگرێت، تەواوی لێکتێگەیشتنەکان دەکەونە مەترسییەوە." عێراقچی بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە بابەتی ئاگربەستی لوبنان بۆ تاران "خاڵی یەکلاکەرەوەیە" بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان.

بۆ رێگریکردن لە هەرەسهێنانی پڕۆسەکە، وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کردووە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەریش، گەیشتووەتە سویسرا بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی رێگری لە پەککەوتنی گفتوگۆکان بکەن.

ئەم دانوستانانە دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەیەکی 14 خاڵی دێت لە نێوان واشنتن و تاران، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە جەنگی ناوچەکە و ئاساییکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا و ناتەبایی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ، تەواوی پڕۆسەکەی رووبەڕووی مەترسییەکی جددی کردووەتەوە.