بەدرۆن هێرشکراوەتە سەر ماڵی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنێکی خۆکوژییەوە هێرشکرایە سەر ماڵی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار؛ بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، سەرەڕای ئامادەبوونی حەلبووسی و خانەوادەکەی لەنێو ماڵەکەدا لە کاتی تەقینەوەکەدا، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرشێکی خۆکوژی کراوەتە سەر ماڵی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لەسەرچاوەیەکی ئەمنی پۆلیسی ئەنبارەوە وەرگرتووە، لە کاتی هێرشەکەدا هەیبەت حەلبووسی و خانەوادەکەی لەماڵەوە بوونە بەڵام هێرشەکە هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زەرەری ماددی هەبووە.
ئێستا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و پۆلیسی ئەنبار لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە شوێنی هەڵدانی درۆنەکە.
هەروەها کەمێک پێش ئێستا سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاندبوو ، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری "شاهید 101"ی دروستکراوی ئێران، لە نزیک ماڵی محەمەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شارەدێی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کەوتەخوارەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بەشێکی درۆنەکە لە نێو ماڵوموڵکی، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتووەتەخوارەوە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەوە ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتووەتەوە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.