هاتوچۆی هەرێم، راگرتنی کاتیی مامەڵەکانی بەشی مۆڵەت رادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە بەهۆی بوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، سبەی، هیچ مامەڵەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت لە هەموو کوردستان وەرناگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرجەم هاووڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، سبەی یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، هیچ مامەڵەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت لە هەموو کوردستان وەرناگیرێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی کردووەتەوە کە لە پارێزگای دهۆک، قەزای ئاکرێ و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەهۆی ئەوەی بەشەکانی (مۆڵەت و تۆمار) بە سیستمی نوێ کار دەکەن، بە هەمان شێوە ناتوانن هیچ مامەڵەیەکی هاووڵاتییان وەربگرن و کارەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، وێڕای داوای لێبووردن لە هاووڵاتییان بۆ دروستبوونی ئەم حاڵەتە نەخوازراوە، دڵنیایی دەدات کە تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەکردنی کێشەکە لە زووترین کاتدا و، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارەکان هاووڵاتییان لە هەر پێشهاتێکی نوێ ئاگادار دەکەنەوە.