کییەر ستارمەر لە لێواری دەستلەکارکێشانەوەدایە
پاش زنجیرەیەک شکستی سیاسی و فشارە ناوخۆییەکانی پارتی کرێکاران، دەنگۆکان لەبارەی ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، گەیشتوونەتە لووتکە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری کۆتایی بدات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئۆبزێرڤەر، ستارمەر ئێستا لە هاوینەهەواری شاهانەی چێکەرز لەگەڵ هاوسەرەکەی و راوێژکارە نزیکەکانی خەریکی تاوتوێکردنی داهاتووی خۆیەتی. پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە هەڵوێستی فەرمی خۆی بۆ رای گشتی رابگەیەنێت.
ئەو هۆکارانەی ستارمەریان بەرەو ئەم بڕیارە بردووە بریتین لە؛ نزیکەی 100پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران (کە دەکاتە چارەکێکی فراکسیۆنی پارتەکە) داوای دیاریکردنی کاتێک دەکەن بۆ رۆیشتنی، دوای دۆڕانە گەورەکەی مانگی ئایار و سەرکەوتنی نەیارەکانی لە هەڵبژاردنە لاوەکییەکان، متمانە بە سەرکردایەتی ئەو زۆر کەمبووەتەوە و ئالان جۆنسۆن، وەزیری پێشووی ناوخۆ، راستەوخۆ بە ستارمەری گوتووە: "کیەر، هەموو شتێک کۆتایی هات."
سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا ستارمەر بەردەوام دەیگوت دەستبەرداری پۆستەکەم نابم، بەڵام تا ئێستا نووسینگەکەی داونینگ ستریت هیچ رەتکردنەوەیەکی فەرمیان بۆ ئەم هەواڵانەی دوایی بڵاونەکردووەتەوە.
ئەگەر ستارمەر دەستلەکارکێشانەوەی رابگەیەنێت، بەریتانیا دەکەوێتە ناو کێبڕکێیەکی نوێی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی نوێی پارتی کرێکاران. ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدیی ئابووریی سەختدایە.