سوپای ئیسرائیل: 5 سەربازمان لە باشووری لوبنان کوژران
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا و سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا، پێنج سەربازیان لە باشووری لوبنان کوژراون و 13ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، تانکێکی سوپای ئیسرائیل لە نزیک گوندی تەبنیەت پێکرا، بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران کە سێیان ناسنامەیان ئاشکرا کراوە (دۆر گەدەلیا، یۆئاڤ کلاین، لیاڤ کەبابیا). شەوی دواتر، حزبوڵڵا بە زیاتر لە 50 مووشەک و گوللە هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی سەربازێک بەناوی نیر بن ئاری و برینداربوونی 13سەربازی دیکە.
سوپای ئیسرائیل ئەم هێرشانەی حزبوڵڵای بە پێشێلکارییەکی رەهای ئاگربەست ناوبرد و لە بەرانبەردا چەندین بنکەی سەربازی و کۆگای چەکی حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری، فەرمانیان بە سوپا کرد پابەندی ئاگربەست بن تا کاتێکی نادیار، بەڵام جەختیان کردەوە، هەر هەڕەشەیەک لەسەر سەربازەکانیان هەبێت وەڵامی توندی دەدەنەوە.