کوردستان24 وردەکاری خانەنشین بوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاشکرا دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 'هەولێر، سلێمانی و دهۆک'، کە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدایە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین بکرێن.
لەوبارەیەوە دکتۆر عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە ساڵی 2014ـەوە وەک خولی دووەمی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستبەکاربوون و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان خولەکەیان لە ساڵی 2018 کۆتایی هاتووە، بەڵام لەلایەن پەرلەمانی کوردستان یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەموارکرایەوە و بە گوێرەی یاساکە ئەندامانی ئەنجوومەن تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، دواتر لە ساڵی 2023 دادگای فیدڕاڵی یاساکەی بە نایاسایی دانا و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لەکارخست.
عەلی رەشید، گوتیشی: ئێستا لیژنەیەک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێکهێندراوە و بەمزووانە سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات بۆ ئەوەی رێکارەکانی خانەنشینبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بگرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە هەر ئەندامێکی ئەنجوومەن تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت خانەنشین بکرێت و ئەوانەشی مەرجەکان نایانگرێتەوە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشوویان، سەبارەت بە ئەوانەی وەزیفەی پێشوویان نەبووە چارەنووسییان چی لێدێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەکرد، ئەوانە بە پلەیەک کە هاوتای ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێت خانەنشین دەکرێن.
تاوەکو ئێستا دوو خولی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوون و ئەندامانی خولی یەکەم خانەنشین کراون و ئەندامانی خولی دووەمیش کە ژمارەیان 90 ئەندامی ئەنجوومەنە بە هەولێر و دهۆک و سلێمانییەوە چاوەڕێی بڕیار و رێکارەکانی لیژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 17 ـی حوزەیرانی 2026، رێکارەکانی خانەنشینبوونی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تاوتوێ کرد و بەپێی بڕیارەکە ئەوەی پەیوەستە بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بە گوێرەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە.