ئەمڕۆ دانوستانی چوارقۆڵی لە سویسرا بەڕێوەدەچێت
لە هەنگاوی یەکەمی پێش دەستپێکردنی دانوستانی فەرمی، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سویسرا کۆبوونەوە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دانوستانی چوارقۆڵی لەنێوان شاندی دانوستانکارانی هەر یەک لە ئێران و ئەمریکا و شاندەکانی نێوەندگیری پاکستان و قەتەر دەستپێبکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی "ئێرنا" بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئێگناسیۆ کاسێس، وەزیری دەرەوەی سویسرا لە کۆمەڵگەی گەشتیاریی بورگنستۆک کۆبوونەتەوە و 45 گفتوگۆیان کردووە.
هەروەها بڕیارە کەمێکی دیکە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان لەنێوان شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ شاندی نێوەندگیری پاکستان و قەتەر بەجیا گفتوگۆ بکەن، پاشان دانوستانی چوارقۆڵی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر بەڕێوە دەچێت.
ئەندامانی شاندی دانوستاکاری ئێران:
- محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (سەرۆکی شاند).
- عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە
- عەلی باقری کەنی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ کاروباری دەرەوە.
- عەبدولناسر هیمەتی، سکرتێری گشتیی بانکی ناوەندی ئێران.
- حەمید بۆرد، جێگری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانی نیشتمانی نەوتی ئێران
- کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروبای یاسایی و نێودەوڵەتی
- ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە
ئەندامانی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا
- جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
- ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ
- جارێد کوشنەری، دانوستانکار و راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی.
ئەندامانی شاندی نێوەندگیری پاکستان:
- شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران
- عاسم مونیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا
شاندی نێوەندگیری قەتەر
- محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی سەرۆکوەزیران
بڕیار بوو رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2026 لە هاوینەهەواری بێرگنستۆک لە سویسرا گفتوگۆی راستەوخۆ و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
دەربارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو لە سویسرا بکرێت، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە، بۆیە کۆبوونەوەکەی سویسرا پێویست نەبوو.
بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە پێویستە گەرووی هورمز بە رووی بازرگانیدا بکرێتەوە. هاوکات 60 رۆژ وەک قۆناغی تەکنیکی بۆ دانوستان لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاری کراوە.