مەسرور بارزانی: مزگەوتی گەورەی بارزانی پێویستییەکی مێژوویی و گرنگە بۆ هەولێر و کوردستان
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی فراواندا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئایینی و کەسایەتییەکان، بەردی بناخەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە هەولێر دانا.
مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە رەهەندە جیاوازەکانی پڕۆژەکە کرد. سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مزگەوتە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا و دەگەڕێتەوە و هەستی بەوە کردبوو، "هەولێر و کوردستان پێویستییان بە هێمایەکی ئایینی هەیە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستیی گەلەکەمان بێت، هاوکات نیشاندەری مێژووی پڕ لە سەروەریی کورد بێت لە دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە، "ئامانج لەم پڕۆژەیە دروستکردنی تەنیا شوێنێک نییە بۆ خواپەرستی، بەڵکوو دەبێتە ناوەندێک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە رووی زانستی و ئایینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن و خزمەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن. لەم سۆنگەیەوە و لە پاڵ مزگەوتەکەدا، بەشێکی تایبەت بۆ پێکهاتە و ئایینەکانی دیکەش دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندێک بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی".
سەبارەت بە شێوازی بیناسازیی پڕۆژەکە، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر دیزاینە تایبەتەکەی و گوتی: "شێوازی مزگەوتەکە لە رەشماڵ و چادری کوردییەوە وەرگیراوە. لە مێژووی ئێمەدا رەشماڵ تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، بەڵکوو لە کاتی ئاوارەیی، بێکەسی و شۆڕش و بەرخوداندا، پەناگە و هێمای خۆڕاگری بووە بەرانبەر بە زوڵم و ستەم."
لەبارەی ناونانی پڕۆژەکە بە (مزگەوتی گەورەی بارزانی)، مەسرور بارزانی گوتی، "وەکو وەفایەکە بۆ رێزلێنان لە گەورەترین رابەری هاوچەرخی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلەکەمان، کە بووەتە سیمبولی خوداناسی و نیشتمانپەروەری و دادپەروەری و ئاشتەوایی. هەروەها رەنگدانەوەیەکە بۆ ئەو بەها بەرزانەی کە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە. هەر لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نورانی و هەموو ئەو کەسایەتییە بەرزە ئاینییانەی کە لە وڵاتی ئێمە، لە گەلی ئێمە هەڵکەوتوون، ئەمە دەبێتە شوێنێک بۆ یادکردنەوەی ئەم پیاوە گەورانە".
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەت:
زۆر زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنە گرنگەدا لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست داین ئەمڕۆ بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی ناوازە كە هەستمان كردووە پێویستییەكی مێژوویی و گرنگە بۆ شاری هەولێر و بۆ كوردستانی خۆشەویستمان.
بیرۆكەی مزگەوتی گەورەی بارزانی پێش سێ ساڵ بۆ ئەوە بووە كە ئێمە هەستمان كردووە هەولێر و كوردستان پێویستیان بە هێمایەك هەیە، هێمایەكی ئایینی كە ڕەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستیی گەلەكەمان بێت، هەروەها ڕەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەریی گەلەكەمان لە دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم بێت.
ئەم مزگەوتە گەورەیە، تەنیا شوێنێك نابێت بۆ خوداناسی، بەڵكوو شوێنێكە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە زۆر لایەنەوە، لە ڕووی دین و ئایینەوە خزمەتی گەلەكەمان و خزمەتی ئایینە پیرۆزەكەمان بكەین، خزمەتی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو ئایین و ئایینزاكان بكەین.
ویستمان ئەم مزگەوتە بە ناوی بارزانیی نەمرەوە بكەین و ناوی لێ بنێین مزگەوتی گەورەی بارزانی، وەكوو وەفایەك بۆ ڕێزلێنان لە گەورەترین ڕابەری هاوچەرخی نیشتمانی و نەتەوەییی گەلەكەمان كە بووەتە سیمبولی خوداناسی و نیشتمانپەروەری و دادپەروەری و ئاشتەوایی. هەروەها ڕەنگدانەوەیەكە بۆ ئەو بەها بەرزانەی كە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بە جێ هێشتووە. هەر لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نوورانی و هەموو ئەو كەسایەتییە بەرزە ئایینییانەی كە لە وڵاتی ئێمە، لە گەلی ئێمە هەڵكەوتوون، ئەمە دەبێتە شوێنێك بۆ یادكردنەوەی ئەم پیاوە گەورانە.
ئەم مزگەوتە لە چەندین بەشی جیاواز پێك دێت. هەروەك دەبینن بەشێكی زۆری تەرخان كراوە بۆ نوێژكردن و نزا و تاعەت و خوداپەرستی، بەڵام بەشی تریشی تێدایە بۆ بۆنە ئایینییەكانی كە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بێت. شوێنێك دەبێت بۆ فێربوون و خوێندن، ئەو قوتابییانەی كە دەیانەوێت لە ڕووی زانستی ئایینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن، ئێمە ناوەندێكی پێشكەوتوو دابمەزرێنین كە بكەوێتە خزمەتیان، هەروەها چالاكیی جۆراوجۆری ساڵانەیان دەبێت كە دیسان هەمووی هەر لە خزمەتی هاووڵاتییان و بە تایبەتی چینی هەژاری گەلەكەماندا دەبێت. شوێنێك دەبێت بۆ پەرەپێدان بە پێكەوەژیانی ئایینی، پێكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزاكان، هەموو نەتەوە جیاوازەكان، كە ئێمە لە كوردستان شانازیی پێوە دەكەین. ڕاستە وڵاتی ئێمە پڕە لە شوێنی خوداپەرستی بۆ هەموو ئایینە جیاوازەكان، لە خوا بەزیاد بێت، بەڵام هەستمان كرد كە پێویستیمان بە سیمبولێكی گەورەیە كە دیسان شاری هەولێری خۆشەویست لەسەر ئاستی نەخشەی جیهانی، بەهۆی ئەم جۆرە هێمایانە جێگەی زیاتر پڕ بكرێتەوە.
لە ڕووی ڕووبەرەوە، ئەم پرۆژەیە، ئەم مزگەوتە دەبێتە گەورەترین لەسەر ئاستی جیهان، هەر لەگەڵ ئەم مزگەوتە پاركێكی ئێجگار گەورە كە چەندین درەخت و سەوزاییشی تێدایە و دەریاچەیەكی گەورەشی تێدا دروست دەكرێت، ئەمەش هەمووی دیسان هەر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.
ئەم پرۆژەیە خاوەنی چەندین پێوەری جیهانییە، هەندێکیان لێرە باس كران. شێوازی مزگەوتەكە لە شێوازی ڕەشماڵ و خێوەت دەچێت كە لە مێژووی گەلەكەماندا لە هۆزە جیاوازەكانی كوردستاندا ڕەشماڵ و خێمە شوێنێكی تایبەتیان هەبووە و زۆرجار لە ئاوارەیی، لە بێكەسی، لە كاتی شۆڕشكردن و بەرخۆدان و خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم، ئێمە نەمانتوانیوە لە شارەكاندا بژین، بەڵكوو پەنامان بردووە بۆ خێمە و بۆ ڕەشماڵ و هەر ئەمەش شوێنێك بووە كە جەنابی بارزانیی نەمر زۆرجار تێیدا حەواوەتەوە، بۆیە دروستكردنی مزگەوتێك لە شێوەی ڕەشماڵ و خێمە، تەنیا ڕەنگدانەوەی تەلارسازیی كوردی نییە، بەڵكوو گواستنەوەی بەشێكی مێژووی ستەمدیدەی گەلەكەمانە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت ئێمە بە چ قۆناغێكدا تێپەڕیوین.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئەم تەلارسازییە، بە بیرۆكەیەكی كوردی و بە دەستوبازووی ئەندازیاری كوردەوە دروست كراوە. جێی خۆیەتی باسی ئەوە بكەم كە كاتێك ئێمە بیرۆكەكەمان باس كرد لەگەڵ بەڕێز وەزیری ئەوقاف كاك پشتیوان، ئێمە بە دوای كەسێكی بەتوانادا دەگەڕاین كە بتوانێت یارمەتیی ئێمە لە دروستكردنی ئەم بیرۆكەیە یان ئەم بیرۆكەیە بكات بە ئەمری واقیع، دواتر وەك دكتۆر گۆران، ئەو هات و لەگەڵی دانیشتین، دوای چەندین جار قسەكردن، چەندین گۆڕانكاریشمان بەسەر دیزایینەكەدا كرد، بەڵام لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەم شێوازەی كە ئێستا لەبەرچاوتانە. دەستخۆشی لە كاكە ئەندازیار گۆران دەكەم، بە ڕاستی كارێكی ناوازەی كردووە و ئینشائەڵا هەر زوو دەست دەكەین بە دروستكردنی ئەم مزگەوتە گەورەیە كە بكەوێتە خزمەتی هەموو هاونیشتمانییانی بەڕێز.
من جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بكەم كە ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆژە گەورەیە.
لە كۆتاییدا، ئەم پرۆژەیە، ئەم مزگەوتە گەورەیە، دەبێتە هێمایەك، دەبێتە سیمبولێك كە پێشان بدات گەلی ئێمە، گەلێكی خواپەرستە، گەلێكی مرۆڤدۆستە، گەلێكی دادپەروەرە و هەمیشە ئامادەین لەپێناو خزمەتكردن بە گەل و وڵاتمان، بە ڕێگەی ئایین و خوداناسی، بەردەوام بین. چونکە: خۆشەویستیی نیشتمان لە ئایینەوە هاتووە.
بۆیە ئەم مزگەوتە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان، هیوادارم بەردەوام بن لە خوداپەرستی و بەردەوام بن لە ڕێزگرتن لە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان، لە خۆشەویستیی وڵاتەكەمان. ئێوە هەر سەركەوتوو بن، وڵاتیشمان هەر ئاوەدان بێت، زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.