لە تەقینەوەکەی قەتەر 72 کەس بریندار و بێسەروشوێنن
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەی ناوچەی پیشەسازیی رەس لفان روویدا کە گەورەترین ناوەندیی گازی سروشتیی شلکراوەیە لە جیهاندا، 54 کەس بریندار بوون و 18ـی دیکەش بێسەروشوێنن.
وەزارەتی ناوخۆ لە پلاتفۆرمی ئێکسەوە بڵاویکردەوە: "کۆی گشتیی بریندارانی ئەو رووداوەی لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی رەس لفان روویداوە، گەیشتووەتە 54 کەس." هەروەها ئاماژەی کردووە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای 18 کەسی بێسەروشوێندا." وەزارەتەکە ئاستی مەترسی و سەختیی بریندارییەکانی دیاری نەکردووە.
ئێوارەی یەکشەممەدا، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو: "تەقینەوەیەکی ناوخۆیی لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی رەس لفان بەهۆی رووداوێکی تەکنیکییەوە روویداوە." دواتر لە روونکردنەوەیەکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد: "رووداوەکە لە ئەنجامی تێکچوونێکی تەکنیکییەوە بووە و چەند بریندارێکی لێکەوتووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ دزەکردنێک رووبدات کە ببێتە مەترسی بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتیان."
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەنووسێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە دووریی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری رەس لفان کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باکووری قەتەر بڵاوی کردەوە، بڵێسەی ئاگرێک بینراوە کە ئاسمانی ناوچەکەی رووناک کردووەتەوە و دوکەڵێکی رەشیش بەرزبووەتەوە.
هاوکات، کۆمپانیای حکوومیی قەتەر وزە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "رووداوێکی کارپێکردن لە کاتی دەستپێکردنی کارەکان لە شاری پیشەسازیی رەس لفان روویداوە، بووەتە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەی بارزان."
دەسەڵاتدارانی قەتەر جەختیان کردەوە، تەقینەوەکەی یەکشەممە بەهۆی تێکچوونی تەکنیکییەوە بووە، لە کاتێکدا پێشتر دامەزراوەی رەس لفان بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیانی زۆری بەرکەوتبوو، کە ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئەنجامی دابوون.
ئەو هێرشانەی ئێران لە کاتی جەنگدا بۆ سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، لەوانەش دامەزراوەی رەس لفان، ببووە هۆی ئەوەی قەتەر بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شلکراوە رابگرێت.
قەتەر، کە شانبەشانی ئەمریکا، ئوسترالیا و رووسیا یەکێکە لە دیارترین بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتیی شلکراوە لە جیهاندا، لە 2ـی ئاداردا و دوای ئەوەی هێرشی درۆنەکانی ئێران بەر دامەزراوە سەرەکییەکانی کەوت، بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی شلکراوەی راگرت.
سەعد بن شەریدە کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر رایگەیاند، ئەو زیانانەی لە هێرشەکانی دواتر لە 18ـی ئاداردا کەوتوونەتەوە، توانای هەناردەکردنی گازی سروشتیی شلکراوەی بە رێژەی سەدا 17 کەمکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر دامەزراوەکانی گازی سروشتیی شلکراوە کەوتوون، لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵ دەخایەنێت.