ترەمپ: "نیویۆرک تایمز" راستییەکان دەشارێتەوە
ترەمپ: ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" و تۆمەتباری کردن بەوەی راستی ئەو زیانانە دەشارنەوە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بەر ئێران کەوتوون.
پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی: "سەرەڕای چەند مانگ لە جەنگ، بەڵام گۆڕانکارییەکی کەم روویداوە." ترەمپ ئەم قسانەی رەتکردەوە و بە دوور لە راستی وەسف کردن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ توانای سەربازی و ئابووریی ئێران تووشی داڕمانێکی گەورە بووە، لەوانە؛ هێزی دەریایی، ئاسمانی، سەکۆکانی مووشەک و کارگەکانی دروستکردنی درۆن لە ئێران زیانی کوشندەیان بەرکەوتووە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، چەندین سەرکردەی پلەبەرزی ناو دەسەڵاتی ئێران لەم ماوەیەدا کوژراون، هەروەها ئابووریی ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردایە، نرخەکان (هەڵاوسان) زۆر بەرز بوونەتەوە و دۆخی دارایی تاران خراپ بووە. ترەمپ گوتیشی؛سەرەڕای جەنگ، توانیویانە گەرووی هورمز بە کراوەیی بهێڵنەوە و هەناردەکردنی نەوت بەردەوام بێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. چاودێران پێیان وایە ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم قسانەوە پیشانی بدات، ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزدایە بۆ ئەوەی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ترەمپ هۆشداریشی دا ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا رێکاری زۆر توندتر لە دژی تاران دەگرنە بەر.
سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز چاوپۆشی لە راستییەکانی سەر زەوی دەکات و جەخت دەکاتەوە، ئەنجامەکانی ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا زۆر گەورە بوون، بە پێچەوانەی ئەوەی رۆژنامەکە باسی دەکات.