کاری کۆڵبەری لە سنووری حاجی ئۆمەران دەستیپێکردەوە
دوای نزیکەی سێ مانگ لە راگرتنی، سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی سەدان کاسبکار و خێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەڕایەوە و هاتوچۆی کۆڵبەران لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەستیپێکردەوە.
کاری کۆڵبەری لەم دەروازەیە، پێشتر بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگیرابوو، کە ئەمەش ببووە هۆی بڕینی قووتی ژیانی هەزاران هاووڵاتی ناوچە سنوورییەکان.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە کوردستان24ـی راگەیاند "چەند رۆژێکە هاتوچۆی کۆڵبەران لە دەروازەکە دەستیپێکردووەتەوە و رۆژانە سەدان کۆڵبەر لەو سنوورەوە کاڵاکان دەگوازنەوە، کۆڵبەران بە رێگەی گەشتیاریی و بە پاسپۆرت و کارتی تایبەتەوە هاتوچۆ دەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، پرۆسەکە بەپێی ئەم رێنماییانە بەرێوەدەچێت و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن کار بکەنەوە کە خاوەنی کارتی تایبەت و رێگەپێدانی فەرمین لەلایەن ئێرانەوە. هەروەها رۆژانە 400 کۆڵبەر لە سنوورەکەوە هاتوچۆ دەکەن.
یەکێکی دیکە لە رێنماییەکان بریتییە لەوەی هەر کۆڵبەرێک مافی هەیە تا کێشی 12 کیلۆگرام کاڵا و کەلوپەل لەگەڵ خۆی بباتە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025، حکوومەتی ئێران کارتی کۆڵبەریی بۆ زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد تا بەشێوەیەکی فەرمی کار بکەن، بەڵام دۆخی جەنگ پرۆسەکەی پەکخست.
ئێستا کە چەند رۆژێکە رێگەکە کراوەتەوە، رۆژانە خەڵکی جۆراوجۆر لە رووی تەمەنەوە، تەنانەت کەسانی بەساڵاچووش لە شارەکانی سەر سنووری رۆژهەڵاتەوە روویان لە دەروازەکە کردووەتەوە، کۆڵبەری بە یەکێک لە تاقەتپڕوکێنترین کارەکان دادەنرێت کە تێیدا مرۆڤ ناچارە بۆ پەیداکردنی بژێوی، چەندین کیلۆگرام کەلوپەل بەپێ و بە درێژایی رێگا سەختەکان بە کۆڵ بگوازێتەوە.