کارۆلاین لیڤیت: ترەمپ رێککەوتنێک واژۆ ناکات لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ هەرگیز رێککەوتنێک لەگەڵ تاران واژۆ ناکات کە خزمەت بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نەکات. هاوکات ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: "ئەگەر پابەند نەبن، ئەوەی پێویست بێت دەیکەم".

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات کە لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "ترەمپ هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە پێش هەموو شتێک."

لیڤیت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" گوتی: "پێکەنیناوییە ئەگەر وابیربکرێتەوە ترەمپ رێککەوتنێک واژۆ بکات کە بە هەر شێوەیەک بێت لە رێککەوتنە کارەساتبارەکەی پێشوو بچێت،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو رێککەوتنەی لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆ کرابوو.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە، هەر رێککەوتنێک بکرێت دەبێت سوودی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و گەلی ئەمریکا هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ واشنتن نەبێت، یان بە شێوەیەکی نەگونجاو رەفتار بکات، ئەوەی پێویست بێت دەیکەم." گوتیشی: "تا ئەو کاتەی ئێران رێزمان لێ بگرێت، هیچ کێشەیەکمان نابێت."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی ڤانس کارێکی باشیان کردووە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "زۆربەی تواناکانی سوپای ئێرانی لەناوبردووە و سەرکردەکانی ئاستی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئەو وڵاتەی لەناو بردووە."

ترەمپ روونیکردەوە کە ئەو بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە دیموکراتەکان مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات. سەبارەت بە گەرووی هورمزیش گوتی: "گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە و بارودۆخەکە زۆر باشە، ئێران لەو بارەیەوە زۆر بە باشی رەفتار دەکات."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رێککەوتنێکی کاتییان لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرد. ئەمەش سێ مانگ دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت، کە دواتر تاران بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە وەڵامی دایەوە.

هاوکات ناوبژیوانان رۆژی دووشەممە کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێرانیان لە سویسرا راگەیاند.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەردوو وڵاتی ناوبژیوان (قەتەر و پاکستان)دا هاتووە، ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، گفتوگۆ تەکنیکییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە هاوینەهەواری "بورگنشتۆک" لە چیاکانی سویسرا بەردەوام دەبن.