وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سێ وڵاتی عەرەبی دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران بۆ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی رووندەکاتەوە. 

سێ سەرچاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـیان راگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەچێتە سێ وڵات، بڕیارە تاوەکو 25ی ئەم مانگەش لە ناوچەکە بمێنێتەوە.

لەبارەی ئەو وڵاتانەی روبیۆ سەردانیان دەکات، بەپێی سەرچاوەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەچێتە کوەیت، بەحرەین و ئیمارات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، روبیۆ لە سەردانەکەیدا هەڵوێستی ئەمریکا و ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبی روون دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە بەحرەین دەکات، تێیدا دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و نوێترین گۆڕانکارییەکان تاوتوێ دەکەن.

ئەم گەشتە پاش ئەوە دێت، دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واژوو کرد بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە سەریهەڵداوە.

 لەم یاداشتەدا کە ماوەکەی 60 رۆژە، پێداگری لە کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەکرێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران؛ رۆژانە سوپای پاسداران بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکردە سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.

بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز وەستا و نەیاندەتوانی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز تێپەڕێنن.