چوار وڵات ئامادەکاری بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی لە هەولێر دەکەن

ئاڵای عوممان، بەحرەین، ئازەربایجان و ئۆکرانیا
ئاڵای عوممان، بەحرەین، ئازەربایجان و ئۆکرانیا

چوار وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیی فەرمی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، د. زیرەک زێباری، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، هەریەک لە ئۆکرانیا، ئازەربایجان، بەحرەین و عوممان، مەبەستیانە نوێنەرایەتیی خۆیان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

بە گوتەی زێباری، ئەم وڵاتانە پێشتر دەستپێشخەرییان کردووە و نیازێکی جدییان بۆ ئەم هەنگاوە هەیە، بەڵام هەندێک هۆکاری دەرەکی بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی خێرای بڕیارەکە. 

سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی کردنەوەی نوێنەرایەتییەکان، ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکرانیا و بوونی هەندێک رێکاری کارگێڕی کە پێویستە لە بەغداوە بکرێن، پرۆسەی کردنەوەی نوێنەرایەتیی ئۆکرانیا و ئازەربایجان بە سستی بەڕێوە دەچێت.

وەک خۆی گوتی، هەردوو وڵاتی بەحرەین و عوممان ئامادەیی تەواویان نیشان داوە، بەڵام بەهۆی دۆخی هەستیاری ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بۆ ماوەیەکی کاتی پلانەکانیان بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی دواخستووە.

لەم چوارچێوەیەدا، زیرەک زێباری جەختی لە رۆڵی پەرلەمانی عێراق کردەوە و رایگەیاند، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە جدی کار لەسەر ئەم پرسە دەکات. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی سەرشانیانە لە بەغدا فشار دروست بکەن و ئاستەنگە کارگێڕییەکان لابدەن، تاوەکو ئەو وڵاتانە بتوانن لە نزیکترین کاتدا نوێنەرایەتییەکانیان لە هەولێر بکەنەوە.

پەرلەمانتارەکە باسی لەوەش کرد، کردنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە نوێیانە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ کرانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان بەڕووی وڵاتانی عەرەبی و جیهاندا، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە.