مونا قەهوەچی: پێکهێنانی هاوپەیمانیی دوای هەڵبژاردن "هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەرانە"
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایدەگەیەنێت، کارانەبوونی پەرلەمان شەرعیەتی دامەزراوەکانی دیکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێت، دروستکردنی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردن "هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەرانی کوردستانە". ئاشکراشی دەکات کە ناڕەزایەتییەکانیان دەبەنە بەردەم کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان ئێستا "ئیفلیجە" و کارانەبوونی ئەم دامەزراوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دامەزراوەکانی دیکەش شەرعیەتیان لەدەست بدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمان موڵکی هیچ حزبێک نییە، بەڵکو موڵکی تەواوی کوردستانە بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە.
سەبارەت بە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی تا ئاستێکی باش رۆیشتبوون، بەڵام دروستبوونی هاوپەیمانییەکی "لەپڕ" پڕۆسەکەی پەکخست. گوتیشی: "هاوپەیمانی دەبێت بەر لە هەڵبژاردن پێکبهێنرێت نەک دوای هەڵبژاردن؛ چونکە دەنگدەر بەپێی بەرنامەی حزبێک دەنگی داوە، کاتێک لەپڕ هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێک دەکەیت کە بەرنامەکەی تەواو جیاوازە، ئەوە هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەرانە."
قەهوەچی جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان هۆشیارن و دەزانن بۆچی ئەو هاوپەیمانییە دروستکراوە، ئەوان وەک پێکهاتەی تورکمان ئەوە بە "بەربەستی سیاسی" دەبینن. گوتیشی: "بەداخەوە لەبری بەرژەوەندی گشتی، بەرژەوەندی حزبی هاتووەتە کایەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ هەیە کە لێدان بوو لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان، بەتایبەت نەمانی کورسیی کۆتاکان، کە دواتر بە هەوڵ و کۆششی سەرۆک بارزانی 5 کورسیی کۆتا گەڕایەوە.
مونا قەهوەچی ئاشکرای کرد کە بەرنامەیان هەیە سەرەتا لەگەڵ حزبە تورکمانییەکان کۆببنەوە و دواتریش بانگێشتی سەرجەم کونسوڵەکان بکەن بۆ ئەوەی باسی ئەو بەربەستانە بکەن کە رێگرن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆتاییدا مونا قەهوەچی گوتی: "مێژوو شاهیدە هەر هاوپەیمانییەک لەسەر بەرژەوەندی کاتی دروست کرابێت، تەمەنێکی کورت و ئامانجێکی لاوازی دەبێت، بەڵام هەر هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندی گشتی بێت، تەمەنێکی درێژی دەبێت."