مەسرور بارزانی: خۆشحاڵم رۆژ بە رۆژ وڵاتەکەمان پێشدەکەوێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پارکی "گەنناسا د بابل"ی بە رووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا کردەوە و لە گوتارێکیشدا بنەما ستراتیژییەکانی پشت بنیاتنانی ئەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی روون کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە هەولێر، پارکی گەورە و مۆدێرنی "گەنناسا د بابل" (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)ـی کردەوە، کە لەسەر رووبەری نزیکەی 59 هەزار مەتر چوارگۆشە بە مۆدێرنترین تەکنیک و دیزاینی تەلارسازی بنیات نراوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە میانەی رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد؛ لە سەرەتای گوتارەکەیدا، بەخێرهاتنی گەرمی میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان و بەرپرسانی ئامادەبووی کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: خۆشحاڵم کە رێک دوای ساڵێک لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە، ئەمڕۆ بە یەکەوە کۆبووینەوە بۆ کردنەوەی ئەم پارکە مۆدێرنە.

هاوکات لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر رەهەندە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی ناونانی پارکەکە و رایگەیاند: "پارکەکە هەر لە ناونیشانەکەیەوە دیارە کە ئاماژەیەکی قووڵە بۆ رەسەنایەتی و مێژووی دێرینی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا لە وڵاتەکەماندا."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژە ژینگەییە نەک تەنیا سیمایەکی هاوچەرخ بە شارۆچکەی عەنکاوە دەبەخشێت، بەڵکو دەبێتە چەقێکی کۆمەڵایەتیی گرنگ بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان، منداڵان و گەنجان، تا بتوانن لە کەشێکی ئارام و تەندروستدا کاتەکانیان بەسەر ببەن.

مەسرور بارزانی، بە شانازییەوە ئاماژەی بە هێما نیشتمانییەکانی ناو پڕۆژەکە دا و گوتی: "لە پشت منەوە، بەرزترین ستوونی ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی عێراق لەم پارکەدا بڵندکراوەتەوە، کە ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموومان."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییەکی بێپایانە کە دەبینین وڵاتەکەمان رۆژ بە رۆژ پێشدەکەوێت و پڕۆژەی باشتر و شایستەتر بنیات دەنرێن. هاووڵاتیانی ئێمە شایستەی باشترین و بەرزترین ئاستی خزمەتگوزارین."

سەرۆکوەزیران، هەر لە گوتارەکەیدا بەڵێنی بەردەوامیی دا و گوتی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت، بە هاوکاری و پاڵپشتی ئێوە، تەرخانی دەکەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر بۆ خۆمان و، ژینگەیەکی لەبارتر بۆ گەشتیاران و میوانانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆش بە شانازییەوە یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە گەشەپێدانییەکانمان پێشکەش بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین."

 

پارکی گەنناسا د بابل" (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)

ئەم پڕۆژە پێشەنگە کە بە یەکێک لە دەگمەنترین ناوەندە گشتییەکانی سەرانسەری عێراق دادەنرێت، خاوەنی سێ دەروازەی سەرەکی و ستراتیژییە کە هاوسەنگی و بەستنەوەیەکی گونجاو لە نێوان عەنکاوە و پڕۆژەی (ئەربیل ئەڤینیو)دا دروست دەکات.

یەکێک لە هێما نیشتمانی و تەلارسازییە دیارەکانی ئەم پارکە، بوونی ستوونی ئاڵایەکە بە بەرزیی 63 مەتر، کە بەرزترین ستوونی ئاڵایە لەسەر ئاستی عێراق، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 50 ئاڵای دیکەی کوردستان کە دیمەنێکی ناوازەیان بە شوێنەکە دەبەخشێت.

لە رووی ئەندازیاری و نەخشەسازییەوە، پارکەکە چەندین داهێنانی نوێی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانە پردێکی مارپێچی هاوچەرخ کە 7 مەتر لە ئاستی زەوییەوە بەرزە و دیمەنێکی پانۆڕامی دەبەخشێتە سەردانیکەران، لەگەڵ تێپەڕگەیەکی ژێرزەوی (تونێل) کە بە مەبەستی رێکخستن و ئاسانکاریی هاتوچۆی پیادە بە سەلامەتترین شێواز دیزاین کراوە. هەروەها پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری بە کەرتی وەرزش داوە، کە یاریگایەکی پێشکەوتووی یاریی پادڵ  (WOP)ـی لەخۆگرتووە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی گەنجان و هۆگرانی ئەم وەرزشە نوێیە.

چاودێران و شارەزایانی بواری پەرەپێدانی شارستانی پێیان وایە، پارکی "گانسا د بابل" تەنیا رووبەرێکی سەوزایی ئاسایی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگە لە کەرتی گەشتوگوزار، ژینگەپارێزی و تەندروستیی گشتیدا لە شاری هەولێر، و پێشبینی دەکرێت لە ئایندیەکی نزیکدا ببێتە جەمسەرێکی گرنگی رکێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن

ماندوو نەبن

ئێوارەتان باش

خۆشحاڵم كە دوای ساڵێك لە دانانی بەردی بناخە بۆ دروستكردنی ئەم پاركە، ئەمڕۆ لێرە بەیەكەوە كۆبووینەتەوە بۆ كردنەوەی ئەم پاركە كە پاركی باخچە هەڵواسراوەكانی بابلە.

هەر لە ناوەكەیەوە دیارە كە ئەم پاركە ئاماژەیەكە بۆ ڕەسەنایەتی و مێژووی بەیەكەوەژیان لە وڵاتەكەماندا. پاركێكە لە چەندان بەش پێكهاتووە و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە و شاری هەولێر بەشێوەیەكی گشتی و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن. شوێنێك دەبێت بۆ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە خێزانەكان، منداڵەكان بەیەكەوە لەم شوێنە كۆببنەوە و كاتی خۆش بەسەر ببەن.

هەروەها بەشی تایبەت لەم پاركەدا دروست كراوە بۆ وەرزشكردن كە لە ڕووی جەستەییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانەی كە سەردانی ئێرە دەكەن، گەنجەكان كە دێنە ئێرە، ئەوانیش بەردەوام بن لە وەرزشكردنی خۆیان.

جگە لەوە، لە ڕووی جوانتركردنی شارەكە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕازاوە دروست كراوە كە سیمایەكی تر، دیمەنێكی تری جوانتر بە قەزای عەنكاوە و شاری هەولێر دەبەخشێت. هەروەها هەر لە پشت منەوە دیارە كە بەرزترین ئاڵا لەسەر ئاستی عێراق لەم پاركەدا دروست كراوە كە ئەمەش جێگەی شانازییە.

زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتەكەمان پێش دەكەوێت، شوێنی خۆشتر و باشتر دروست دەكرێن كە هەمووتان شایانی ئەوەن زیاتر خزمەت بكرێن. ئەوەی لە دەست ئێمەش بێت بەیەكەوە لەگەڵ ئێوە، هەوڵ بدەین كۆمەڵگەیەكی تەندروستتر بۆ خۆمان دروست بكەین، بۆ گەشتیاران دروست بكەین، بۆ میوانەكانمان دروست بكەین و بە شانازییەوە ئەمڕۆ یەكێك لەم دەستكەوتانە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان.

من دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی، لە سەرۆكی شارەوانیی شاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی عەنكاوە دەكەم بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتییان بۆ ئەم پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم كە بە شێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك ئەم پاركەیان دروست كردووە.

جارێكی تر لە هەمووتان پیرۆز بێت. كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، ئینشائەڵا وڵاتەكەمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت. زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.