فەرەنسا مەرجەکانی بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی لە باشووری لوبنان رادەگەیەنێت

سەرۆکی فەرەنسا، جەختی لەسەر پێویستیی رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا کردەوە و، داوای کشانەوەی هاوکاتی هێزەکانی ئیسرائیل و بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنانی کرد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.

سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ هەر یەکە لە جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆمار، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیران و نەبییە بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە تەلەفۆن قسەی کرد.

بە پێی راگەیەنراوی کۆشکی ئەلیزێ، سەرۆکی فەرەنسا لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، جەختی لەسەر گرنگیی جێگیرکردنی ئاگربەست و گۆڕینی بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی کردەوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان.

سەرۆکی فەرەنسا روونی کردەوە، کە هەر رێککەوتن و چارەیەک دەبێت ببێتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپای لوبنان، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بکرێت کە دەسەڵاتدارانی بەیرووت تاکە لایەنی خاوەن چەک بن لە وڵاتەکەدا و پابەندبوونی ئەمنیی پێویست جێبەجێ بکەن.

ماکرۆن دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بە شێوەیەکی کردەیی هاوشانی ئەم پرۆسەیە بێت. ئاماژەی بەوە کرد، کە پاریس لە هەفتەکانی داهاتوودا کار بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتی لوبنان دەکات.

هاوکات گوتیشی: کە ئەم پاڵپشتییە، بەهێزکردنی تواناکانی سوپای لوبنان و هاوکاریکردن لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی ئاوارەکان و زیانلێکەوتووانی ململانێکانی دوایی لەخۆدەگرێت. 

ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لە کاتێکدا دێن کە فەرەنسا کار بۆ سازکردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی نوێ دەکات بە مەبەستی پشتگیریکردنی لوبنان، کە ئامانجی دابینکردنی هاوکارییە بۆ سوپای لوبنان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری و دووبارە ئاوەدانکردنەوە.

لای خۆیەوە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە میانەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: پێویستە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە، هەروەها پێویستە حزبوڵڵا چەک دابنێت، بەو پێیەی سەقامگیریی وڵاتەکە پێویستی بە جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

بارۆ جەختی لەوەش کردەوە، کە فەرەنسا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان جێگیرکردنی ئاگربەست و رێگریکردنە لە گەڕانەوەی پێکدادانەکان لەسەر سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل، هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی دانوستانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی لوبنانەوە.