ئۆزگور ئۆزەل بۆ کڵچدارئۆغڵو : بەپەلە بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدە

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، داوا لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکات مل بۆ داواکاریی نوێنەران بدات و بڕیاری بەستنی کۆنگرەی گشتی بدات، راشیدەگەیەنێت "یان رێگەیەک دەدۆزینەوە، یان رێگەیەک دروست دەکەین."

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لادراوی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە)، لە گوتارێکدا وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا، بانگەوازێکی ئاراستەی کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و داوای لێکرد لەسەر بنەمای ئیمزای نوێنەران، هەرچی زووە بڕیاری بەستنی کۆنگرەی گشتی پارتەکە بدات.

ئۆزێل رەخنەی توندی لە ئاستەنگییەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرە گرت و گوتی "بەهۆی کودەتای دەسەڵاتەوە، جەهەپە بە شێوەیەکی کردەیی داخراوە." ئاماژەی بەوەش کرد، لە جیاتی ئەوەی ئیمزاکان رادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بکرێن، سەرکردایەتی پارتەکە پاساوی لێکۆڵینەوە دەهێنێتەوە و ئاستەنگی نوێ دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆزێل جەختی لەوە کردەوە کە ئەندامانی پارتەکە مامەڵەی لەو شێوەیە قبووڵ ناکەن و گوتی "هەزار و چوار نوێنەر ئیمزایان کردووە و دەبێت داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. ئەوانەی ئێستا لە پۆستەکاندان هەڵبژێردراو نین، بەڵکو تەنیا راسپێردراون."

سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، سووربوونی خۆی و هاوڕێکانی لەسەر گۆڕانکاری دووپاتکردەوە و رایگەیاند "تا کۆتایی بەرگری دەکەین و ئەم پارتە دەگرینە دەست و دەیکەینە دەسەڵات؛ یان رێگەیەک دەدۆزینەوە، یانیش رێگەیەک دروست دەکەین."

ئەم ئاڵۆزییانەی ناو جەهەپە لە کاتێکدایە، کە بەگوێرەی نوێترین راپرسیی کۆمپانیای (O.R.C)، ئەگەر ئۆزگور ئۆزەل پارتێکی نوێ دابمەزرێنێت، سەدا 18.6ـی دەنگدەران پاڵپشتی لێ دەکەن، لە کاتێکدا جەهەپە بە سەرۆکایەتی کڵچدارئۆغڵو تەنیا سەدا 15.2ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.