ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنە لە هەڵەبجە
ئەمڕۆ ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە سنووری هەڵەبجە کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا زیاتر حەوت هەزار و 200 کەس داواکاریان پێشکەش کردووە.
دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنی 250 کەس لە سنووری هەڵەبجە کارا کرا، ئەمڕۆ دوای دەوامی فەرمی سیستەمەکە دەوەستێت و پرۆسەکە کۆتایی دێت.
لەوبارەیەوە ئارام شێخ جەمال، سەرۆکی لیژنەی دامەزراندن لە پارێزگای هەوڵەبجە بە کوردستان24 ـی گوت، لە 10 ـی مانگەوە لینکێکی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاری و پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن کارا کرا، بە گوێرەی ئەو ماوەیەی دانرابوو ئەمڕۆ پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ 250 کەس لە سنووری پارێزگاکەیان کۆتایی دێت و کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامەکەی رادەگەیەنن.
گوتیشی، پرۆژەی وردبینی لە ناوی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، هەفتەیەکی پێویستە و دواتر چەندین رێکاری کارگێڕی دەوێت. راشیگەیاند، ئەوانەی داواکارییەکەیان پێشکەش کردووە، خاوەن بڕوانامەی دیبلۆم، پەیمانگە، بەکالۆریۆس و تەنانەت هەڵگری بڕوانامەی ماستەری تێدایە، دووپاتیشکردەوە، مەرجە ئەوەی داواکارییەکە پێشکەش دەکات کارتی نیشتمانی و زانیاری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بێت. سەرۆکی لیژنەی دامەزراندن لە هەڵەبجە ئاشکراشی کرد، لەو 250 کەسەی دادەمەزرێندرێت 35 کەسییان بۆ بواری ئەمنی و سەربازییە.
ئاشکراشی کرد، رۆژانە لانیکەم 500 کەس داواکاری بۆ دامەزراندن لە رێگەی ئەو لینکەوە پێشکەش کردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 200 کەس فۆرمی دامەزراندنی پڕکردووەتەوە.
لە 10 ـی حوزەیرانەوە لیژنەی تایبەت بە دامەزراندنی 250 کەس لە پارێزگای هەڵەبجە لینکیکی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن کارا کرد و هاووڵاتییان لە رێگەی ئەو لینکەوە زانیارییەکانیان پێشکەش کردووە. مەرجی سەرەکی پرۆسەکە، کۆى بەڵگەنامەکان پێکەوە لەناو تەنیا یەک فایلى (pdf) یەک بخرێت و قەبارەى فایلەکە لە (100) مێگابایت تێپەڕ نەکات.