بێسنت: پارە ئازادکراوەکانی ئێران بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمریکی بەکار دەهێنرێتەوە
ترەمپ: ئەگەر ئێران باج لە گەرووی هورمز وەربگرێت، دانوستانەکان رادەگرین
سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری گەنجینەی وڵاتەکە رایانگەیاند، سەرمایە ئازادکراوەکانی ئێران بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی بەکاردێت، هاوکات ترەمپ هۆشداریی دا کە ئەگەر تاران پێشێلی بەڵێنەکەی بکات و باج بخاتە سەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، دانوستانەکان هەر ئێستا دەوەستێنن.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC"، ئاشکرای کرد پارە ئازادکراوەکانی ئێران لە وڵاتی قەتەر دادەنرێن و بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە دەوحە چاودێری چۆنیەتی خەرجکردنی دەکەن
بێسنت گوتی: "رێژەیەکی زۆر لەو پارەیە بۆ کڕینی گەنم، گەنمەشامی و سۆیا لە جووتیارانی ئەمریکا و کڕینی دەرمان تەرخان دەکرێت، بەمەش پارەکە جارێکی دیکە بۆ بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکی ریسایکل دەبێتەوە."
ئەم لێدوانانەی بێسنت لە کاتێکدا دێن کە بەرپرسانی تاران دوێنێ سێشەممە رەتیان کردەوە واشنتن بتوانێت مەرجیان بۆ دابنێت کە پارەکانیان لە کوێ خەرج دەکەن و رایانگەیاند، کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەنیا لەسەر بنەمای "نرخ و کوالێتی" دەبێت نەک مەرجی سیاسی.
وەزیری گەنجینە جەختی کردەوە کە ئەم رێکارە وەک "پەرژینێکی پارێزەر" کاردەکات بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی ئێران ئەو پارانە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە کۆمارییەکان لە ناو کۆنگرێس رەخنە لە ترەمپ دەگرن و پێیان وایە لەم رێککەوتنە کاتییەدا ئیمتیازی زۆری بە تاران داوە.
هاوکات، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە رێککەوتنەکە کرد و دووپاتی کردەوە کە "هیچ پارەیەکی باجدەرانی ئەمریکی بۆ ئێران نانێردرێت" و تاران تەنیا کاتێک سوود لە پارە بلۆککراوەکانی خۆی دەبینێت کە پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنەکە بێت.
ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئەم رێککەوتنە کاتییە بۆ ماوەی 60 رۆژە و دەبێتە بناغەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرتر کە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سەرنجی خستە سەر وردەکاریی لێکتێگەیشتنەکانیان لەگەڵ تاران و رایگەیاند، سەرەڕای دەنگۆکانی "میدیای ساختە"، تاران جەختی کردووەتەوە هیچ جۆرە باج، تێچووی دڵنیایی یان هەر پارەیەکی دیکە لە کەشتییەکان وەرناگرن لە کاتی تێپەڕینیان بە گەرووی هورمزدا؛ گوتی: "ئەگەر ئەم زانیارییە هەڵە بێت، دانوستانەکان هەر ئێستا دەوەستێنین."
سەبارەت بە لایەنی دارایی و پارە بلۆککراوەکانیش، ترەمپ روونی کردەوە کە تا ئێستا هیچ پارەیەک راستەوخۆ رادەستی ئێران نەکراوە. ئەو ئاشکرای کرد کە واشنتن بەشێک لەو پارانەی ئێران (کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە) ئازاد دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی راستەوخۆ بدرێتە جووتیاران و ئاژەڵدارانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پارەیە بۆ کڕینی گەنم، گەنمەشامی و سۆیا بەکاردێت و گوتی: "ئێران پێویستییەکی زۆری بە خۆراک هەیە، ئێمەش ئەو خۆراکانە تەنیا و بە تایبەتی لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆیان دەکڕین."