روبیۆ و سەرۆکی ئیمارات رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کرد
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە شاری ئەبوزەبی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا سەرنج خرایە سەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران و هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەبوزەبی، گفتوگۆی پڕبایەخی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات کردووە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکوومەتی ئێران، لەگەڵ تاوتوێکردنی هەنگاوەکان بۆ گەرەنتی کردنی هاتوچۆیەکی ئازاد و سەلامەت لە گەرووی هورمزدا.
روبیۆ ستایشی هەڵوێستەکانی ئیماراتی کرد و گوتی: "سوپاسی سەرکردایەتی ئیمارات دەکەم بۆ ئەو پشتگیرییە بێوێنەیەی نیشانیان داوە، هەروەها دەستخۆشی لە ئازایەتی و خۆڕاگرییان دەکەم لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە کرانە سەر ناوچەکە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پابەندییەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیمارات و پەرەپێدانی زیاتری هاوبەشییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو و وڵات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دوێنێ سێشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە دەست گەیشتە ئیمارات، بڕیارە روبیۆ سەردانی کوێت و بەحرەین بکات و تا رۆژی پێنجشەممە دەمێنێتەوە.