کار بۆ داڕشتنی رێککەوتنێک بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەکرێت

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ عومان بە ئامانجی زەمینەسازییە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی چڕ لە نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.

چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: محەمەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی مەسقەتی پایتەختی عومانی کرد، ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان دێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ئێران، وڵاتانی کەنداو و عێراق سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە گفتوگۆیەکی دیکەی جیاوازیش کردووە کە بڕیارە لە داهاتوودا لە سعوودیە بەڕێوەبچێت بە مەبەستی ئاشتەوایی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دەربارەی کاتی بەڕێوەچوونی نەخستووەتەڕوو. 

لە لایەکەوە ئاژانسی هەواڵی عومان، بڵاوی کردەوە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی کۆبووەوە، هەردوو لا تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و زامنکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورموزدا کرد.

ئەو سەرچاوەیەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدەن ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هورمز مسۆگەر بکەن و هیچ باج و رسووماتێک بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا نەسەپێنرێت، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئێران داوای باجی ژینگەیی و ئەمنی بکات بۆ رێگەپێدانی تێپەڕبوون لە گەرووەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە پێشبینی دەکرێت پاکستان، کە شانبەشانی قەتەر نێوەندگیری لە گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێراندا دەکات، بەشداری لە گفتوگۆ ناوچەییەکاندا بکات سەبارەت بە گەرووی هورمز.

سەبارەت بە لوتکەی ئاشتەوایی، ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاشکرای کردووە، کە پێشبینی دەکرێت لوتکەکە لە ریاز سازبکرێت بە مەبەستی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتی 2026 بەهۆی هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلییەوە بۆ سەر ئێران، جەنگ هەڵگیرسا و لەو کاتیەوە ئێرانی گەرووی هورمزی داخستووە. بەڵام هەفتەی رابردوو و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمریکادا، تاران رازی بوو بە کردنەوەی گەرووەکە. لەو کاتەوە، جووڵەی گواستنەوەی دەریایی لەو رێڕەوە گرنگەدا بوژاوەتەوە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، ئێران پابەند دەبێت بە خستنەگەڕی هەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووەکەدا بەبێ سەپاندنی رسوومات بۆ ماوەی 60 رۆژ، لە بەرامبەردا سەڵتەنەتی عومان، بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو، گفتوگۆ لەگەڵ تاران دەکات سەبارەت بە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان لە داهاتوودا.

لە لایەکی دیکەوە، مەسقەت و تاران رۆژی سێشەممەی رابردوو لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاندبوو، کە کار دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر شێوازی داهاتووی بەڕێوەبردنی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و خزمەتگوزاری و تێچووە پەیوەندیدارەکانی.