سێ دادوەر سکاڵا لە دژی ترەمپ تۆمار دەکەن

سێ دادوەری دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەریاندا، سکاڵای یاسایییان دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی تۆمار کرد و سزاکانی واشنتن بە "نایاسایی" و "سزای لەسێدارەدانی دارایی" وەسف دەکەن.

سکاڵاکە وەک تانەیەکە لەو سزایانەی واشنتن بەسەر ئەو دادوەرانەدا سەپاندوویەتی، کە ئەوان بە نایاسایی و دەستوەردان لە سەربەخۆیی دادوەری نێودەوڵەتی ناوی دەبەن.

ئەو سکاڵایەی کە پێشکەشی دادگایەکی نیویۆرک کراوە، لەلایەن هەر سێ دادوەر: کیمبەرلی پرۆست (کەنەدی)، سۆلۆمی بالۆنگی بوسا (ئۆگاندی) و رێن ئەدێلاید سۆفی ئالابینی-گانسۆ (بێنین) تۆمار کراوە.

دادوەرەکان رایانگەیاندووە کە سزاكانی ئەمریکا ئامانجیان فشارخستنە سەر دادگاکەیە لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان و سزادانیانە لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکانیان. هەروەها سزاکانیان بە "سزای لەسێدارەدانی دارایی" وەسف کردووە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە فراوانەی کە لەسەر مامەڵە دارایی و پیشەیییەکانیان دروستی کردووە.

ئیدارەی ترەمپ پێشتر سزای بەسەر ژمارەیەک لە دادوەرانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا سەپاندبوو، کە داواکاری گشتیی دادگاکەشی دەگرتەوە. سزاکان بریتی بوون لە قەدەخەکردنی چوونە ناو خاکی ئەمریکا و سڕکردنی هەر سەروەت و سامان و مامەڵەیەکی دارایی یان موڵک و ماڵێک کە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت لەناو ئەمریکادا.

ئەم سزایانەی ئەمریکا وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی دادگاکە سەبارەت بە ئیسرائیل ئەنجامی دابوون، هەروەها بەهۆی ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە لە ساڵی 2024 دژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەرچوو.

دادوەرەکان داوایان لە دادگا کردووە سزاکان هەڵوەشێنێتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە سەپاندنی ئەم جۆرە رێکارانە بەرامبەر دادوەرە نێودەوڵەتییەکان، پێشینەیەکی مەترسیدارە و سەربەخۆیی دادوەریی جیهانی تێکدەدات.

جگە لە دۆناڵد ترەمپ، سکاڵاکە هەریەکە لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاشی گرتووەتەوە.