لە بەغدا بۆرییەکانی ئاو وشکبوون و فێنککەرەوەکانیش لەکارکەوتوون
گەرمای وەرزی هاوین و وشکبوونی بۆرییەکان، دانیشتووانی ناوچەی فەلاحاتی لە بەغدا ناچار کردووە پشت بە کڕینی ئاو ببەستن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، هاوکات ئاوی بیرەکانیش بەهۆی سوێرییەوە شیاوی بەکارهێنان نین.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، قەیرانی کەمئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری بەغدا سەریهەڵداوە. لە ناوچەی فەلاحاتی پایتەخت، بۆرییەکان بەتەواوی وشکیان کردووە و هاووڵاتییان ناچارن بۆ دابینکردنی ئاوی رۆژانەیان پەنا بۆ کڕینی ئاوی تانکەر و لێدانی بیر ببن.
لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا بۆ گواستنەوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی گەڕەکەکە، سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24، سەردانی ناوچەی فەلاحاتی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە ئازار و رەخنەی هاووڵاتییان گرت.
دانیشتووانی گەڕەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن، نەبوونی ئاو وایکردووە ئامێرەکانی فێنککەرەوە لەکار بکەون. هەروەها ئەو بیرانەی لە ماڵەکاندا لێدراون، بەهۆی سوێریی ئاوەکەیانەوە بۆ بەکارهێنان گونجاو نین.
سەلام فەلاحی، سەرۆک هۆزێکی ناوچەکە، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "قەیرانی ئاو لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین دروست دەبێت. چەند مانگێکە ئاو لەسەر ناوچەکەمان بەتەواوەتی بڕاوە و زیاتر لە 1000 ماڵ لێرە بێ ئاون. هەندێک لە ماڵەکان بیریان لێداوە، ئاوەکەی سوێرە، بەشەکەی دیکەش ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن."
کڕینی ئاو بووەتە بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ سەر شانی دانیشتووانی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەکە وەک پێویست خاوێن نییە. عەلی مەروان، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "1000 لیتر ئاو بە 10 هەزار دینار دەکڕین، تێچوویەکی زۆرە لە مانگێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەکە خاوێن نییە و شیاو نییە."
خەڵکی ناوچەکە رەخنەی توند ئاراستەی بەرپرسان و پەرلەمانتاران دەکەن و دەڵێن، تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سەردانیان دەکەن و دواتر بەڵێنەکانیان لەبیر دەکەن.
سیروان محەممەد، هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە، گلەییەکانی خۆی بۆ کوردستان24 خستەڕوو و گوتی: "ئاو تەنیا لە زستاندا هەیە، لە ئێستاوە تاوەکو سێ مانگی دیکە ئاو نابێت. بەرپرسان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکان دیارن و دواتر هیچ کامیان نابینرێن."
قەیرانی بێ ئاوی لە کاتێکدایە، هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی بەدەست قەیرانی کارەباشەوە دەناڵێنن. کۆبوونەوەی ئەم دوو قەیرانە لە یەک کاتدا، ژیانی دانیشتووانی بەغدای سەختتر کردووە و هاووڵاتییان بەردەوام دەپرسن کەی کۆتایی بەم قەیرانانە دێت.