عێراق و سووریا لەبارەی پرسی ئاو رێککەوتنێکیان واژۆ کرد

ساتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەنێوان عێراق و سووریا
ساتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەنێوان عێراق و سووریا

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و وەزارەتی وزەی سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، کۆنووسی کۆبوونەوەیەکی هونەریی هاوبەشیان واژۆ کرد، کە ئامانجی هەماهەنگییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و گۆڕینەوەی داتا و زانیارییە هونەرییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

رێوڕەسمی واژۆکردنەکە لە بارەگای وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای پلانێکی وردی هونەری ئامادەکراوە، کە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینەوەی زانیارییەکان لەبارەی رێڕەوی رووباری فورات و بابەتە هاوبەشەکانی دیکەی نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی دیالۆگی هونەریی راستەوخۆ و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان پسپۆڕانی هەردوو وڵاتدا کردووەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی گۆڕینەوەی شارەزاییەکان و باشترکردنی میکانیزمی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئاو.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، واژۆکردنی ئەم کۆنووسە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ پاراستنی مافە ئاوییەکانی عێراق و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

ئەم رێککەوتنە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندێکی باڵای تەکنیکی سووریا بۆ بەغدا، کە ئامانجی سەرەکییان تاوتوێکردنی بڕی ئاوی بەردراوە بۆ ناو رووباری فورات و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشە کە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بپارێزێت.