ڤانس: لەگەڵ تاران لەسەر پرسی لوبنان گەیشتووینەتە پێشکەوتنی باش
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی لوبنان گەیشتووەتە پێشکەوتنی زۆر باش بە مەبەستی داڕشتنی میکانیزمێک بۆ رێگری لە پێکدادانی سەربازی، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە چاوەڕێی هەنگاوە کردارییەکانی تاران بن.
پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا، ئاماژەی بەوە کرد: "یەکێک لەو ئامانجانەی کە دەمانویست لە سویسرا بە دەستی بهێنین، دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندی بوو لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئەوەشمان بە دی هێنا."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: هەردوو وڵات پێشکەوتنی "زۆر باش"یان لەسەر پرسی لوبنان بەدەستهێناوە و باسیان لە داڕشتنی میکانیزمێک کردووە بۆ رێگریی لە دروستبوونی پێکدادان لەوێ.
ڤانس گوتیشی: "شێوازی قسەکردنی ئێرانییەکان گۆڕاوە، بەڵام پێویستە بزانین ئایا ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان دەبن یان نا."
واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی 2026ـدا یادداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، بە شێوازی ئۆنلاین واژۆ کردبوو.
دواتریش لە 21ـی ئەم مانگەدا لە شارۆچکەی بێرگنشتۆکی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە ژێر چاودێریی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا بناغەیەک بۆ دانوستاندنی تەکنیکیی داهاتوو لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکە دانرا.