گرۆسی: تواندنەوەی یۆرانیۆمی ئێران یەکێکە لە بژاردەکان
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تاران و واشنتن، پشکنەرانی ئاژانسەکە بەم زووانە سەردانی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکەن. رافایێل گرۆسی ئاماژە بەوەش دەکات، بژاردەی "تاواندنەوە" بۆ کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆم لەسەر مێزی گفتوگۆکانە.
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشکنەرانی ئاژانسەکە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست دەکەن بە سەردانیکردنی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، ئەمەش وەک بەشێک لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن.
گرۆسی ئاماژەی بەوە کرد کە رێکخستنە تەکنیکییەکانی تایبەت بە کارەکانی ئاژانسەکە لە ئێران، لەوانەش پێکهێنانی لێژنەی هەماهەنگی و دیاریکردنی کاتی سەردانەکان، لە رێگەی ئەو دانوستانانەی ئێستا لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەدەچن یەکلایی دەکرێنەوە. هەروەها وتیشی: "چوونی شارەزایانی ئاژانسەکە بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران تەنیا مەسەلەی کاتە."
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم روونیکردەوە، ئاژانسەکە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی رۆڵە تەکنیکییەکەی لە ناوخۆی ئێران. ئاشکراشی کرد کە رێککەوتنەکە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت، کە یەکێک لەوانە بژاردەی "تاواندنەوەیە" بۆ کەمکردنەوەی خەستییەکەی لەژێر چاودێریی ئاژانسەکەدا.
سەبارەت بە کۆگای ئەتۆمیی ئێران، گرۆسی وتی: "ئاژانسەکە پێی وایە کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران لە دوای دواین پشکنین کە لە ساڵی 2025 ئەنجامدرا گواستنەوەیان بۆ نەکراوە، بەڵام پێویستە ئەم زانیارییانە بە شێوەی مەیدانی پشتڕاست بکرێنەوە."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەبارەی میکانیزمی چاودێریی ئەتۆمی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی تاران و واشنتن بەردەوامن، هاوکات جیاوازیی بیروڕاش لەسەر کات و مەرجەکانی گەڕانەوەی پشکنەران بۆ شوێنە هەستیارەکان لە ناوخۆی ئێراندا بوونی هەیە.