پرۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا جێبەجێ کرا
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژییان راگرت، کە تێیدا لە ماوەی تەنیا شەش کاتژمێردا بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانییەوە بەستراوەتەوە.
هەینی 26ـی حوزەریانی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا راگەیەندراوێکی هاوبەشەیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەردوو کۆمپانیای کار و داناگاز لە ماوەی شەش کاتژمێردا توانیویان بە سەرکەوتوویی بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی ببەستنەوە.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا بە پشتبەستن بە وێستگەکانی دیکەی کارەبا نەیهێشت لەکاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەکە و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی سلێمانی، کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەر ماوەکانی پێدانی کارەبا.
ئاماژەشی دراوە، بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای سلێمانی زیاد دەکرێت. دەستخۆشی لە تیمە تەکنیکییەکان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیای داناگاز دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە گرنگە.
دوێنێ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار کردبووەوە، کە لە کاتژمێر 2 تاوەکوو 8ـی بەرەبەیان، وێستگەی گازیی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی دەکوژێنرێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەستنی هێڵێکی نوێی گاز بە وێستگەکەوە.