گەڕەکە مەسیحییەکانی کەرکووک چۆڵ دەبن
شەپۆلی کۆچکردنی مەسیحییەکان لە کەرکووک بەردەوامە و گەڕەکەکانیان چۆڵ دەبن، هۆکارەکەشی بۆ ئاستەنگ و بارودۆخی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، ئەمەش مەترسی دروست کردووە کەنیسەکانی شارەکە لە داهاتوودا ببنە مۆزەخانە.
فاتن رەحیم، هاووڵاتییەکی مەسیحیی دانیشتووی کەرکووکە، سەرەڕای هەموو کێشەکان، خۆی و خێزانەکەی ئامادە نەبوون شارەکەیان جێبهێڵن. ئەو بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە قوربانیی زۆرمان داوە، پەرۆشین و هیوادارین ئەمە کۆتایی ناخۆشییەکانمان بێت لەپێناو وڵاتەکەماندا." لە بەرانبەردا، بەشێکی زۆری کریستییانەکان نەیانتوانیوە بەرگە بگرن و زێدی خۆیان جێهێشتووە.
کۆچی مەسیحییەکانی کەرکووک بۆ دوو ئاراستە دابەش بووە، ئاراستەی یەکەم کۆچی ناوخۆییە و تێیدا روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر کردووە. ئاراستەی دووەمیش کۆچکردنە بۆ دەرەوەی وڵات، بەدیاریکراوی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
قەشە ئەیاد سلیوە، قەشەی کڵێسای سێ کانیان لە کەرکووک، سەبارەت بە ئامارەکانی کۆچکردن ئاماژە بەوە دەکات، کۆچی دەرەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەیان هەبووە. هەروەها گوتی: "جگە لەوانەی چوونەتە دەرەوەی وڵات، لە نێوان 300 بۆ 400 خێزانی مەسیحیی کەرکووکیش کۆچیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە."
ئاسەوارەکانی ئەم کۆچە بەڕوونی بەسەر گەڕەکە کریستییانەکانی کەرکووکەوە دیارە. بەشێکی زۆری خانووەکانیان چۆڵ کراون و دیمەنی گەڕەکەکانیان گۆڕاوە.
لەلایەکی دیکەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر کەنیسەکانی شارەکە دروست بووە. کریستییانەکان بەشێکن لە وێنە کولتوورییەکەی کەرکووک، بەڵام ترسی ئەوە هەیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە چەند ساڵی داهاتوودا کەنیسەکان ببنە مۆزەخانەیەکی مێژوویی بێدەنگ، هیچ نوێژخوێنێک نەمێنێت سروود و نزای ئایینییان تێدا بخوێنێتەوە.